سبەی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم لە ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکات

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "سبەی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان جگە لە چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی ساڵ دەست پێدەکات، لە قوتابخانەکانی سنووری چەمچەماڵیش، ئەمڕۆ دەست بە نوژەنکردنەوە کرا، کە ١٢قوتابخانە زیانیان پێ گەیشتووە."
سامان سوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "سبەی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان جگە لە چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندنی ئەمساڵ دەست پێدەکات، ئەم تاقیکردنەوانە لەبەر ئەوەی وەزاری نین، لەسەر ئاستی پەروەردەکان ئامادەکارییان بۆ کراوە و سبەی تاقیکردنەوەکان دەست پێدەکەن، لە ھەر قەزایەک بەڕێوەبەری پەروەردە سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکان دەکات، لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک قوتابیمان ھەیە، جگە لە باخچەی ساوایان، قوتابیانی چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش ئەوانەی دیکە ھەمووی بەشداری لە تاقیکردنەوەکان دەکەن."
سامان سوەیلی گوتیشی "تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم لە چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش بەھۆی دروستبوونی لافاو بۆ ١١/١/٢٠٢٦ دواخراوە، ھەر ئەمڕۆش دەست بە نوژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە کراوە کە زیانیان بەرکەوتووە، پەرتووک و پێداویستییان بۆ دابین دەکرێت کە ١٢ قوتابخانە زیانیان بەرکەوتبوو، ١٠ قوتابخانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نوژەنیان دەکاتەوە، قوتابخانەیەکیش کوردستان فاوندەیشن نوژەنی دەکاتەوە، باخچەیەکی ساوایانیش خێرخوازێک نوژەنی دەکاتەوە."
بڵند ئیبراھیم




