٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاگادارییەک لە ڕاگەیاندنی پارتییەوە سەبارەت بە (دیداری ھەژار موکریانی)

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە سەرجەم ھاووڵاتییان، نووسەران و کوردستانییان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەکات، ھەر وێنەیەکی مامۆستا ھەژارتان ھەیە بۆمانی بنێرن تاوەکو لە مانگی شوباتی ٢٠٢٦دا، لە (دیداری ھەژار موکریانی)دا ھەموو وێنەکانی مامۆستا ھەژار کۆبکرێنەوەو لە ناو ئەلبوومێکدا چاپ بکرێن.

ئەمەی خوارەوش دەقی ئاگادارییەکەیە.

ھاووڵاتییان و کوردستانییانی ھێژا

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە ھەموو ساڵێ لە ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی مامۆستا "ھەژار موکریانی"دا، کە ھاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک، "دیداری ھەژار موکریانی" بەڕێوەببات. ھەر بەم پێیەش لە ڕۆژی شەممە ٢٢ـی شوباتی ٢٠٢٥، بە شانازییەوە (یەکەمین دیداری ھەژار موکریانی)مان بەڕێوە برد.

لە دیداری یەکەمدا، کە لەژێر ناوی "ھەژار و زمان"، بە بەشداریی نووسەران، توێژەران، زمانزانان و مامۆستایانی ھەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە بەڕێوەچوو، لە سێ پانێڵی زانستیدا تەوەرەکانی "زمانی یەکگرتوو"، "زمان و فەرھەنگ" و "بە دیجیتاڵیکردنی زمان و ژیریی دەستکرد" لە لایەن پسپۆڕانی ئەم بوارانەوە تاوتوێ کران.

ھەروەھا لە پەراوێزی دیدارەکەدا، پێشانگایەک لە وێنەکانی مامۆستا ھەژار ڕێک خرابوو، کە قۆناغەکانی ژیانی ئەو شاعیر و، نووسەر، زمانزان، وەرگێڕ و تێکۆشەرەی لە منداڵییەوە تا بەشداربوونی لە کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستان و دواتر ژیانی ئاوارەیی لە بەغدا و پەیوەستبوونی بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و تا کۆچی دوایی و بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی بداغ سوڵتانی مھاباد، لە خۆگرتبوو.

ھەر لە دیداری یەکەمدا بڕیارمان دا بۆ دیداری دووەم، کە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٦دا بەڕێوەدەچێت، ھەموو وێنەکانی مامۆستا ھەژار کۆبکرێنەوە و بە دیاریکردنی ناو و ناسنامەی کەسانی ناو وێنەکان و شوێن و ڕێکەوتی گرتنی ھەریەک لە وێنەکان، لە ناو ئەلبومێکدا چاپ بکرێن.

بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە سەرجەم ھاووڵاتییان، نووسەران و کوردستانییان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەکەین، ھەر وێنەیەکی مامۆستا ھەژارتان ھەیە لە ڕێگای ئەو ئیمەیڵ و ژمارە واتسئاپەی خوارەوە بۆمانی بنێرن.

بێگومان ھەر کەسێک، تەنانەت بە یەک وێنەش لەم پڕۆژە نیشتمانییەدا بەشدار بێت، مافی پارێزراو دەبێت و ناوی لە ڕیزی ئەو کەسانەدا دەنووسرێت، کە بۆ ئامادەکردنی ئەلبومەکە ھاوکارمان بوون.

دوایین وادە بۆ ناردنی وێنەکان:

31/12/2025

Email: [email protected]

Whatsapp: 00 964 750 445 8232

 

لەگەڵ ڕێزدا

دیداری ھەژار موکریانی

کوردستان ـ ھەولێر 

هەواڵی پەیوەندیدار