قوتابییانی چەمچەماڵ و دەوروبەری لە کرێی خوێندنی ئەمساڵ دەبەخشرێن

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندی قوتابیانی چەمچەماڵ و دەوروبەری دەرکرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ ١٣-١٢-٢٠٢٥، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: د.ئارام محەممەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاری لێخۆشبوونی لە کرێی خوێندنی قوتابیانی دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری دەرکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، بڕیارەکە ئەو قوتابیانە دەگرێتەوە، کە بە پارالێڵ یان خوێندنی ئێواران لە خوێندنی بەرایی (دیبلۆم و بەکالۆریۆس) و خوێندنی باڵا (دیبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە سەرجەم زانکۆکان وەرگیراون، بۆ بڕی ماوەی کرێی خوێندنیان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦.
هەروەها جێگای ئاماژەیە قوتابی پێویستە بە دیکۆمێنتی یاسایی بیسەلمێنن کە دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ، یان ئەو شوێنانەن کە زیانیان بەرکەوتووە، بۆ ئەوەی بڕیاری لێخۆشبوون لە کرێی خوێندن بیانگرێتەوە.




