دەزگای خێرخوازی بارزانی: بە بڕیاری سەرۆک بارزانی پێداویستی تەواو بۆ ٥٠٠ ماڵ لە چەمچەماڵ دابین کرا

چەمچەمال -KDP.info- سەرپەرشتیاری ھاوکاریی مەیدانی و قەیرانەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی دەڵێت "لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی لەکاتی ڕووداوەکە بەهانای خەڵکی چەمچەماڵەوە چووین و ٥٠٠ ماڵ تەواو پاککرانەوە و ھەموو پێداویستیان بۆ دابین کرا، سبەیش ھاوکاری دەگەیەنینە ٤٠٠ ماڵ لە کەرکووک."
ئیسماعیل عەبدولعەزیز، سەرپەرشتیاری ھاوکاریی مەیدانی و قەیرانەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی، خۆی سەرپەرشتی تیمەکانی چەمچەماڵی دەکرد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، یەکەم دەزگا گەیشتینە چەمچەماڵ و فریای خەڵک کەوتین، ٥٠٠ ماڵ کە بۆ ئێمە دیار کرابوو هەموومان پاککردنەوە و پێداویستی ناوماڵ و خواردنی گەرمیشیان بۆ دابین کرا، کە نۆ ئایتیمی بە کوالێتی زۆر بەرز لەخۆ دەگرت، ئەمەش بە فەرمانی سەرۆک بارزانی بوو، بۆیە خزمەتێکی زۆر باشمان کردن."
ئیسماعیل عەبدولعەزیز گوتیشی "ھەر بە فەرمانی سەرۆک بارزانی سبەی دەچین بۆ کەرکووک، لەوێش ھاوکاری ٤٠٠ خێزان دەکرێت، وەکو دەزگای خێرخوازی بارزانی لەھەر شوێنێک پێویستییان بە ھاوکاری هەبێت ئێمە خزمەتیان دەکەین، چونکە سەرۆک بارزانی فەرمانی کردووە ھەر کوێیەک پێویستی بە ھاوکاری ھەبێت دەبێ ھاوکار بین، ھەر بۆیە بەردەوام دەبین."
بڵند ئیبراھیم




