دهۆك.. بەم زووانە کارگەیەکی تری گرینگ دەست بە کارکردن دەکات

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی دھۆک ڕایدەگەیەنێت، بۆ یەکەم جار لە دھۆک کارگەی ریسایکلینی پلاستیک دروست دەکرێت، کە لە ئێستادا لە قۆناغی دابینکردنی ئامێردان و بەم زووانە تەواو دەبێت و دەکەوێتە کار. دەشڵێ، لە دھۆک چوار کارگەی دیکەی لێکجیاکردنەوەی زبڵ و خاشاک ھەن، کە نۆ ماددە جیا دەکەنەوە و سوودیان لێ وەردەگیرێت.
ئەمیر ئەترووشی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە پارێزگای دھۆک لە (کاشێ) کارگەیەکی تازەی ریسایکلین دروست دەکرێت، کە ماوەیەک پێش ئێستا رێکخراوێکی ھۆڵەندی سەردانی ئێمەی کرد بۆ دروستکردنی، چونکە زبڵێکی زۆر کۆدەکرێتەوە و بڕێکی زۆری ماددەی پلاستیکی تێدایە، ئەو پلاستیکە دووبارە لە رێگەی ئەو کارگەیەوە ریسایکلین دەکرێت، کە ئێستا ئامێرەکان دابین دەکرێن و لەو کارگەیە پلاستیک بەرھەم دێت، ئەمەش دەبێتە تاکە کارگە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان لە دھۆک دروست دەکرێت.
ئەمیر ئەترووشی هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، جگە لەوەش چوار کارگەی دیکەمان ھەیە و رۆژانە ھەزار تۆن زبڵ و خاشاکیان بۆ دەچێت و نۆ ماددە لێک جیا دەکرێنەوە، وەکو تەنەکە و شوشە و کارتۆن و قۆدی پیپسی، ئەمانە ھەمووی لێک جیا دەکرێنەوە و سوودیان لێ وەردەگیرێت، بۆیە ئەو زبڵ و خاشاکەی لە ماڵان و شوێنەکان کۆدەکرێتەوە، فڕێ نادرێت و جارێکی دیکە سوودی لێ وەردەگرن، ئێستاش کارگەی ریسایکلین دروست دەکرێت کە ئەویش پلاستیک لە زبڵ جیا دەکاتەوە و جارێکی دیکە پلاستیکی لێ بەرھەم دێننەوە، کە ئەمەش ھەنگاوێکی باشە و کارگەکەش زۆر سوودی دەبێت، کە بەم زووانە تەواو دەبێت و دەست بە کارکردن دەکات.
بڵند ئیبراھیم




