٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماڵپەڕی KDP پلانی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی شاخ لە چیای سەفین دەخاتەڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- شاخ رۆڵیكی زۆر گرنگ لە ژیانی مرۆڤ و بوونەوەرەكان و پاراستنی زەوی و پێشخستنی كەرتی گەشتیاری دەبینێت، سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ ئاوی سازگاری خواردنەوە و بەشێكی گرنگی دارستان و ژیانی گیانەوەر و باڵندەكان، بۆیە لە ساڵی 2002 بە فەرمی لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ڕۆژی 11ی 12 كراوەتە ڕۆژی شاخ و گرنگیدان بە هۆشیاریی پاراستنی شاخەكان.

گرنگیی شاخ بۆ كەرتی گەشتوگوزار

دیمەنە جوانەكانی شاخ و شێوازی پێكهاتەی بەرزی و نزمی و گونجاویی كەشوهەوای شاخ و سەرچاوەی ئاوی پاك و زۆریی دارستان و چەندان هۆكاری دیكەی شاخ، بەردەوام سەرنجی 15% بۆ 20%ی گەشتیاری جیهانی بۆ باوەش و قەدپاڵەكان و دامێنەكانی راكێشاوە. ژیانی زیاتر لە ملیارێك مرۆڤ كە ڕێژەی 15%ی دانیشتووانی گۆی زەوی لە ناوچە شاخاوییەكان دەكات، بەهۆی ژیانی سادە و پارێزگاری لە كلتوور و ڕەسەنایەتیی داب و نەریت و ڕێوڕەسمەكانیان، بوونەتە مایەی ڕاكێشانی گەشتیاران.

پەرەپێدانی جۆرەكانی گەشتوگوزار لە ناوچە شاخاوییەكان

ئەو چالاكی و هۆكارانەی گەشتیار ڕادەكێشن جۆراوجۆرن، هەر ناوچەیەكیش بەهۆی تایبەتمەندییەكانی خۆیەوە چەندان بنەما و سەرچاوە و جۆری گەشتوگوزاری جیاوازی هەیە، شاخ و ناوچە شاخاوییەكان بوونەتە سەرچاوەی دروستبوونی ژمارەیەك جۆری گەشتوگوزار، كە هەر جۆرێك گەشتیاری تایبەت بە خۆی هەیە، بۆ نموونە: (گەشتوگوزاری لادێ، گەشتوگوزاری كشتوكاڵی، گەشتوگوزاری ژینگەیی، گەشتوگوزاری شاخەوانی و شاخڕەوی، گەشتوگوزاری چادرگە، گەشتوگوزاری سەركێشی، گەشتوگوزاری ئاوی، گەشتوگوزاری زستانە، گەشتوگوزاری خۆشی و كاتبەسەربردن، گەشتوگوزاری چارەسەری، گەشتوگوزاری شوێنەواری و كلتووری) سەرجەمیان لەناو شاخەكان دەكرێن. بەهۆی گرنگیی شاخ ساڵی 2021 لە لایەن رێكخراوی جیهانیی گەشتوگوزار، كرایە ساڵی گەشتوگوزاری بەردەوامی بۆ ناوچە شاخاوییەكان، بۆیە هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی پەرەپێدانی گەشتوگوزاری بەردەوام (السیاحە المستدامە) ناوچە شاخاوییەكان هاوكاری بكرێن و بپارێزرێن. ئەو جۆرانەی گەشتوگوار كە ئاماژەمان بۆیان كرد، زیاتر لە سرووشت نزیكن و كەمترین دەستی مرۆڤی تێدایە، بۆیە هەریەك لەم بنەما گەشتیاریانە پێویستە بەردەوام بن و تێكنەدرێن، لە هەمان كاتدا ڕێكبخرێن و زیاتر ببنە سەرچاوەی ڕاكێشانی گەشتیار، بەڵام پێویستە بە جۆرێك بێت كە ژینگەی ناوچەكە پارێزراو بێت، پێویستە ڕەچاوی ژیانی نەوەی ئایندە بكرێت.

چالاكیی شاخەوانی و ژینگەپارێزی و گەشتیاری لە ڕۆژی شاخ

فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان و ڕێكخراوی شاخەوانی و تۆڕی شاخەوانانی كوردستان، بڕیاریان داوە بە بۆنەی ڕۆژی شاخ لە ڕۆژی هەینی هەڵمەتی (بەڕووچاندن) لە دەربەندیخان و دهۆك و شەقڵاوە ئەنجام بدەن. لە كۆبوونەوەی ناوەندی هەولێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، پلان بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی شاخ لە چیای سەفین دانرا، بەپێی پلان ڕۆژی هەینی سەرجەم گرووپە شاخەوانییەكانی فیدراسیۆن چەند چالاكییەك بە بەشداریی بەرپرسان و هاووڵاتیان لە دامێنی چیای سەفین لە سەرووی شەقڵاوە بەتایبەت لە (ڕەبەن بۆیە) بەرە و گەلی مارگۆرگیس و ئەنتۆنیۆس هەڵمەتی بەڕووچاندن و پاكردنەوەی ناوچەكە و كردنەوەی ڕێڕەوێكی نوێی شاخەوانی بەڕێوە دەچێت، رێڕەوەكە بۆ شاخڕەوی و بۆ گەشتیارانیش گونجاوە كە بیانەوێت لەناو سرووشت گەشت بكەن. داوا لە بەشداربووان دەكرێت كاتژمێر 8 لە گۆڕەپانی (ڕەبەن بۆیە) ئامادە بن.

 

نووسینی: نادر روستی

 

هەواڵی پەیوەندیدار