پۆلیسی هه‌رێم بۆ KDP: پشت به ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م ده‌به‌ستین بۆیە تۆمەتباران ڕزگاریان نابێت

هه‌ولێر-KDP.info- گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ، له كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ر تاوانێك، پشت به ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م ده‌به‌ستین و ئێستاش به‌هۆی پێشكه‌وتنه‌كانی جیهانه‌وه، هیچ تاوانێك بەسەر هێزه‌كانی پۆلیسدا تێناپەڕێت.
پەیوەست بەو ئامێر و پێداویستیە سه‌رده‌میانەی كە بۆ هێزه‌كانی پۆلیس لە بارەی ئاسانكاری و ئاشكراكردنی تاوانه دابین كراون، عه‌قید كارزان ئه‌میر، گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان، تایبەت بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیادا، هه‌موو ئامێر و پێداویستییەکی سه‌رده‌م بۆ هێزه‌كانی پۆلیس دابین كراون و تاقیگه‌ی زۆر پێشكه‌وتوو له به‌ڵگه و تاوانی هه‌رێم بۆ ئاشكراكردنی تاوانه‌كان هەن، کە تاقیگه‌ی به‌ڵگه و تاوان زۆر ئاسانكاری بۆ ئاشكراكردنی تاوانه‌كان کردووە و وه‌ك پێشتر نه‌ماوه.
گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌رێم گوتیشی، به‌هۆی هه‌بوونی ئامێر و ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتووەوە، هیچ تاوانێك بەسەر پۆلیسدا تێناپەڕێت و ئه‌سته‌مه تاوانێك تۆمار بكرێت و تاوانبار دیاری نه‌كرێت، چونكه بۆ نموونه تاوانێك بكرێت به‌هۆی كامێرای چاودێرییه‌وه ده‌بیندرێته‌وه و ڕزگاری نابێت.
عه‌قید كارزان ئه‌میر، هەروەها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وەش كرد، ڕێژه‌ی تاوان به‌هۆی یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی بێ مۆڵه‌تەوە کەم بووەتەوە و بۆ نموونە تاوانه‌كانی كوشتن و هه‌ڕه‌شه زۆر كه‌میان كردووه، به‌ڵام به‌هۆی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی گه‌یاندن به‌داخه‌وه تۆماركردنی تاوانه ئه‌لیكترۆنییه‌كان زیادیان كردووه و پێویسته هاووڵاتیان ئاگادار بن و هۆشیارییان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دوور بن له تاوانه ئه‌لیكترۆنییه‌كان.
قائید میرۆ




