پهیامى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ قوربانییانى لافاوهكهى چهمچهماڵ

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوخەمیی بۆ خانەوادەی قوربانییانی لافاوەکەی چەمچەماڵ بڵاوکردەوە ودەڵێت، "لەم دۆخە نەخوازراوەدا، پشتیوانیی تەواومان بۆ خەڵکی خۆشەویستی چەمچەماڵ و زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دووپات دەکەینەوە".
دەقی پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.
بە داخێکی زۆرەوە ھەواڵی گیان لەدەستدانی دوو ھاووڵاتی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەمان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بەھۆی لافاوەوە پێگەیشت.
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری قوربانییان دەکەم، ھاوسۆز و ھاوخەمیانم. لە خوای مەزن داواکارم گیانی خوالێخۆشبووان بە بەزەیی و میھرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە ھەمووان ببەخشێت، ھەروەھا ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.
لەم دۆخە نەخوازراوەدا، پشتیوانیی تەواومان بۆ خەڵکی خۆشەویستی چەمچەماڵ و زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دووپات دەکەینەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاسپێردراون کە بە ھانای لێقەوماوانەوە بچن و ھەموو ھەوڵێک بۆ پاراستنی گیان و ماڵی ھاووڵاتیان و پێشکەشکردنی ھاوکاریی پێویست، بدەن.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/١٢/٩




