هێمن میرانی: حکوومەتی هەرێم چاکسازی لە کاروباری پۆلیسی کوردستان کردووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت، فەلسەفەی کابینەی نۆیەم گۆڕینی میتۆدی پۆلیسە لە "ھێزەوە بۆ ڕێز" و ھاووڵاتی دەبێت بە سەنتەر و خاوەنی دامەزراوەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٠٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، د. ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە مەراسیمی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی چاکسازیی پۆلیسی کوردستان کە بە پاڵپشتیی دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوەچوو، وردەکارییەکانی پلانی وەزارەتەکەی بۆ پێشخستنی پۆلیس خستەڕوو.
د. ھێمن میرانی جەختی لەوە کردەوە، ناوەڕۆکی چاکسازی لەم کابینەیەدا گۆڕینی دیدگایە بۆ خزمەتکردن. ئەوەشی ڕاگەیاند: "کاتێک مامەڵە لەگەڵ ھاووڵاتی دەکەین، ئێمە لە ئاستێکی بەرزتر نین، بەڵکو ھاووڵاتی سەروەری ئێمە و خاوەنی دامودەزگاکانن. فەرمانبەرانی دەوڵەت دامەزراون بۆ ئەوەی خزمەتی ئەوان بکەن."
سەبارەت بە پێشکەوتنە تەکنیکییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان ئاماژەی بەوە دا، ئێستا باشترین سیستەمی کامێرای چاودێری و باشترین تاقیگەی بەڵگەی تاوان (Adila) لەسەر ئاستی عێراق لە کوردستان بوونی ھەیە، کە وایکردووە دەربازبوونی تاوانکاران ئەستەم بێت.
ھەروەھا ئاشکرای کرد، وەک بەشێک لە پڕۆسەی شەفافییەت و پاراستنی مافەکان، حکوومەت دەستی کردووە بە کڕینی کامێرای جۆری (GoPro) بۆ پۆلیس. پڕۆژەکە وەک تاقیکردنەوە لە پۆلیسی ھەولێر دەستی پێکردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ تەواوی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە کوردستان دابین دەکرێت، تاوەکو وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکان تۆمار بکرێن و وەک بەڵگە بەکاربێن.
هاوکات د.ھێمن میرانی سێ خاڵی سەرەکی وەک ڕێنمایی ئاراستەی ئەفسەران کرد:
- ڕێزگرتنی مافی مرۆڤ: پۆلیس وەک "فرۆشیاری خزمەت" مامەڵە بکات و پەیڕەوی بنەمای "کڕیار ھەمیشە ڕاستە" بکەن.
- بێلایەنی و پیشەییبوون: ھاوشێوەی دادوەران، ئەگەر ئەفسەرێک کەیسێکی ناسیاو یان خزمێکی کەوتە بەردەست، دەبێت "تەنەحی" بکات و ڕادەستی ئەفسەرێکی دیکەی بکات.
- پۆلیسی کۆمەڵگە: پۆلیس دەبێت بە جلی فەرمییەوە تێکەڵ بە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان بێت و پەیوەندی لەگەڵ خەڵک دروست بکات بۆ ئەوەی ھاووڵاتی بنکەی پۆلیس بە ھی خۆی بزانێت.




