وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ KDP: ئەوەی گەنمی نەچاندووە دەست بەچاندن بکات

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣ ملیۆن دۆنم زەوی دەچێندرێت و بارینی ئەم بارانەش وا دەکات جووتیاران دڵنیابن و ئەوەی گەنمی نەچاندووە دەست بەچاندن بکات، کە لە ھەرێمی کوردستان ٢٠ جۆری گەنممان ھەیە و خۆمان بەرھەمی دێنین.
ھیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ھاتنی باران بارین لە بەرژەوەندی وەرزی چاندن دایە و ئەمساڵ بەشە بارانی باش باریووە و پەلەی داوە ئەمەش کاریگەری ھەیە لەسەر وەرزی چاندن و سوودی زۆری بۆ کشتوکاڵ ھەیە، چونکە لە ناوەڕاستی مانگی ١١ وەرزی چاندن دەستی پێکردووە و دوای ئەم شەپۆڵەی بارانەش ئەوەی چاندنی نەکردووە دەست پێدەکات و جووتیاران دڵنیابوونەتەوە لەوەی بارانی باش باریووە، بۆیە ساڵانە لە ھەێمی کوردستان ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆنم بۆ ٣ ملیۆن دۆنم زەوی بەگەنم و جۆ دەچێندرێت لە ھەرێمی کوردستان، بۆیە جووتیاران بەپێی کەشوھەوا گەنم دەچێنن، چونکە پارساڵ جووتیاراێکی زۆر گەنمی چاندبوو، بەڵام بەھۆی کەمی باران بەرھەمی وەکو پێویست نەبوو.
ھیوا عەلی گوتیشی، ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان ١٠ ھەزار تەن بنەتۆی باشی وەزارەتی کشتوکاڵ بەسەر جووتیاران دابەشکراوە بەنرخی پاڵپشتیکراو بەڕێژەی ٥٠% کەمتر لە نرخی بازاڕ و بەردەوام دەبین لە بەرھەمھێنانی بنەتۆی زیاتر بۆ ئەوەی بەسەر جووتیاران دابەش بکرێت ئەویش لە ڕێگەی سەنتەرەکانی توێژینەوەی کشتوکاڵی و جووتیارانی نموونەیی بۆ ئەوەی کێلگەکانی جووتیاران ببنە شوێنی بروای جووتیارانی خۆمان، بۆیە بنەتۆی خۆمان بەرھەم دێنین و دوای توێژینەوە و بڕینی قۆناغەکانی پلەی زانستی و بڕواپێکراو بەسەر جووتیاران دابەشدەکرێت.
هاوکات دەشڵێت، لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠ جۆری گەنممان ھەیە و زۆر بە برشت و کوالێتیان بەرزە و بەرگەی گۆڕانکاری کەشوھەوا دەگرن و کێبرکێی گەنمی وڵاتانی پێشکەوتوو دەکەن و خۆمان ھەرجۆرێک سەرکەوتووبێت لە ھەرێمی کوردستان دەیناسێنین و دەچێندرێت و بەرھەمی دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




