٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پشتیوان سادق: پارتی حزبی هەموو خەڵکی کوردستانە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- دکتۆر پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە بارەگای لقی۱٠ی سۆران، بە ئامادەبوونی هەڤاڵان چیا محەمەد و بڵند ئیسماعیل و شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقەکانی ( ۱٠ی سۆران و  ۲٦ی گوڵان) کۆبونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵ و کادیرانی هەردوو لقی ١٠ی سۆران، ۲٦ی گوڵان و بەرپرس و ئەندامانی بازنە و بەرپرسی تیمی وێستگەکانی قایمقامیەت و بەرپرسی فەرمانگەکان و کارگێڕانی لق و ستافی ناوچە و ڕێکخراو و ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان و فەرماندە سەربازییەکان ئەنجام دا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پشتیوان سادق، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی، بە گرینگییەوە باسی لە ڕۆڵی یەکە بەیەکەی هەڤاڵان و کادیران کرد لە هەمبەر ئەم سەرکەوتنە مەزنەی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەرک و ماندووبونیان بۆ گەیاندنی پەیامی پارتی بە دەنگدەرانی خۆشەویست گوتی، پارتی حزبی هەموو خەڵکی کوردستانە، خزمەتکردنی هاووڵاتیان و بەرگریکردن لە ماف و خاک و نەتەوەکەمان، ئامانجی سەرەکیی پارتیمانە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق بە تێروتەسەلی باسی لە بەرنامە و کار و پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە هەموو سێکتەرەکان خزمەتێکی زۆری بە سەرجەم چینوتوێژەکانی کۆمەڵگه‌ کردووە، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی باسی لە بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش کرد.

پشتیوان سادق ڕاشیگەیاند، پارتی هی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و عێراقە، پارتی واتا هێز و ئارامی، خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئاوەدانی، هێمنی و مرۆڤدۆستی، نیشتیمانپەروەری و کوردپەروەری و خۆشەویستیی خاک و ئاڵا و وڵات، بۆیە هەڤاڵان دڵنیاتان دەکەمەوە، پارتی لە سایەی سیاسەتی دووربینی و حەکیمانەی جەنابی (سەرۆک بارزانی) و سەرکردایەتیمان، هەر بە یەکەمی و هەر بە بەهێز و حزبی ملیۆنی دەمێنێتەوە. 

 سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ هەمووتان و دەنگدەرە خۆشەویستەکانمان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

هەواڵی پەیوەندیدار