ڕوونکردنەوەیەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ جزیری بۆتانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز و نەخوازراو و دوور لە مەبەست ھاتنە ئاراوە، کە دڵگرانیی لێکەوتەوە."
دەقی روونکردنەوەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
سەردانی مێژوویی سەرۆک بارزانی بۆ پارێزگەی شڕناخ و دەڤەری جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپوزیومی مەلایێ جزیری و دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە لایەن دامودەزگا فەرمییەکانی حکوومەت و خەڵکی ناوچەکە لە بەڕێزیان کرا، جێگەی سوپاس و پێزانینە.
بەڵام دواتر لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز و نەخوازراو و دوور لە مەبەست ھاتنە ئاراوە، کە دڵگرانیی لێکەوتەوە.
ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە سەردەمێکی ناوازە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە ئارادایە.
پرۆسەی ئاشتیش ھەنگاوێکی دروستە لە چارەسەرکردنی پرسێکی گرنگ و ھەستیار و دەستخۆشی لە حکوومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا و ھەموو لایەک دەکەین کە ڕۆڵی کاریگەریان ھەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا.
بە پێویستی دەزانین ھەموو لایەکمان بە ھاوکاریی یەکتر، ھەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانیەکان بدەین و جەخت لە قووڵترکردنی پەیوەندییەکان و بەدیھێنانی ئاشتەوایی و پاراستنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانمان و سەقامگیری ناوچەکە بکەین.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/١٢/٤




