ڕاگەیەندراوێک لە بارەگای بارزانییەوە

ھەولێر-KDP.info- لەبارەی دەستدرێژی و تێکدان و شکاندنی قەبر و کێلەکانی گۆڕستانی کریستیانەکان لە ھەرمۆتەی کۆیە، بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
زۆر بە توندی ئیدانەی کردەوەی ناڕەوای تێکدان و شێواندنی قەبر و کێلی گۆڕستانی کریستیانەکان دەکەین کە لە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە شاری کۆیە ڕووی داوە.
ئەمە کردەوەیەکی ناڕەوایە و دوورە لە دابوونەریت و کولتووری پێکەوەژیان و برایەتی و تەبایی گەلەکەمان و ھەروەھا نامۆیە بە کۆمەڵگەی کوردستانی.
پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەم کارە قێزەونە بدۆزنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیێنن و پێویستە ڕێگە لەمجۆرە کردەوانە و ھەر کردەوەیەک بگیرێت کە فەرھەنگی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و تەبایی گەلی کوردستان دەکاتە ئامانج.
بارەگای بارزانی
٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥




