٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مەسەلەی باكووری كوردستان و عەقڵمەندەكان

سەرچاوە: KDP.info

نووسەر: روحات مەنگی

لەم رۆژانەدا كاتێك كە سەیری بارودۆخی گشتی توركیا دەكەین بۆمان دەردەكەوێت كە سەبارەت بە قۆناخی چارەسەری یا قۆناخی پێكهاتن لەگەڵ پەكەكەدا دوو خاڵی دژی یەكتر خۆیان بە سەر هەر شتێكدا فەرز دەكەن.

من دەلێم قۆناخی پێكهاتن لەگەڵ پەكەكە، چوونكە ئارمانجی سەرەكە لەم قۆناخی كۆتایی هێنان بە توندوتێژییە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە پەكەكە چۆن و لە بەر چی كۆتایی بە توندووتێژی دەهێنێت یا چەكەكانی بێدەنگ دەكات؟

ئەو شتەی كە ئێمە پێ دەڵین چارەسەری، ئەوەیە كە پەكەكە چەكەكانی خۆی بێدەنگ بكات، بەڵام لەم نێوانەدا دوو خاڵی دژی یەكتر سەر هەڵدەدەن. دوێنێ لە مانشێتی زۆربەی هەرە زۆری رۆژنامە و تەلەفزیونەكانی توركیادا هەواڵێك بڵاو كرابوویەوە كە گوایا یەكێك لە بەرپرسانی پەكەكە بە ناوی دووران قاڵقان وتوویەتی: لەم قۆناخەی ئێستادا شتێك بە ناوی كێشانەوەی هێزەكانمان لە نێو سنوورەكانی توركیادا لە بەرنامەماندا نییە و بە پێچەوانەوە ئەندامەكانی پەكەكە ئەوانەی كە لە نێو خاكی عێراقدان دەیانەوێ بێنەوە بۆ نێو خاكی توركیا.

دووران قاڵقان وتوویەتی" گریلاكانمان بە باكووری كوردستان ناكێشنەوە و ئەو گریلایانەی كە لە باشووری كوردستاندان دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ باكووری كوردستان، با كەس باسی پاشەكەشی هێزەكانمان نەكات، ئێمە تەنیا ئاگربەستمان راگەیاند و هەر ئەوەندەیش بەسە، بۆ كێشانەوەی هێزەكانمان پێویستە ئاپو راستەوخۆ لەگەڵ هێزەكانماندا گفتووگۆ بكات و رازییان بكات بۆ كێشانەوە، رازی كردنی گریلاكان ئەوەندە ئاسان نییە و ئێمە ناتوانین رازییان بكەین.

مادام كە ئێمە خۆمان ئەوەندە عاقڵ وعەقڵمەند لە قەڵمە دەدەین با ئەم وتانەی دووران قاڵقان تۆزێك شی بكەینەوە. پێویستە هەر كەس بزانبێت كە هەر لە ئێستاوە زەمینە بۆ دامەزراندنی باكووری كوردستان لە توركیا خۆش كراوە. با سنوورەكانی خۆیانیش دەستنیشان بكەن و ئێتر عەقڵمەندەكانی توركیا بۆ بچن و لەگەڵ خەڵكدا سەبارەت بە مەسەلەكە گفتووگۆ بكەن. من پێم وایە كە عەقڵمەندەكانیش هێشتاكە بۆ خۆیان نازانن كە بۆ چی رۆیشتنە و دەیانەوێ چی بكەن و گوێ بۆ كام هەستی و داواكاری خەڵك رابگرن.

دووران قاڵقان سەبارەت بە پشتراست بوونی سەرۆك وەزیری توركیا كە دەڵێت: با چەكەكان دابنن و لە نێو سنوورەكانی توركیادا دەربكەون و بەمجۆرە ئاشتی روو لە توركیا دەكات. دەڵێت، ئەمانە هەر هەموویان سناریو و پروپاگەندەیە و هیچیان راست نین چوونكە پەكەكە نەتەنیا پاشەكەشی بە هێزەكانی ناكات بەڵكو هێزەكانی خۆی لە باشووری كوردستان دێنێتەوە باكووری كوردستان.

باشە ئەگەر پەكەكە بڵێت من هێزەكانی خۆم لە نێو سنوورەكانی توركیادا كێشاوەتەوە ئێمە چۆن بزانن كە بەراستی هێزەكانی خۆی كێشاوەتەوە؟ ئایا ئەگەر تەنیا لە نێو سنووری توركیادا دەربچن و كەس نەزانێت كە لە سووریان یا لە عێراق و لە كاتە ساتی پێویستدا لە نێو چەند خۆلەیەكدا بگەڕێنەوە بۆ نێو سنوورەكانی توركیا، ئەمە دەبێتە زەمینە خۆشكەر بۆ هەنگاوەكانی دیكەی ئەم قۆناخە؟

بێگومان ئەگەر توركیا توانی بایا سنوورەكانی خۆی بپارێزێت هیچ یەك لەم رووداوانە رووی نەدەدا و ئەو كاتەیش زۆر بە ئاسانی بۆمان روون دەبوویەوە كە كێ تیرۆریستە و كێ داوای مافی رەوا دەكات؟

حكوومەتی ئێمە بە هۆی نەزانكاری خۆیەوە چەند كەسێكی وەكو عەقڵمەند دەستنیشان كردووە و ئەم كەسانەی بۆ ناوچە جیاجیاكان بەرێ كردووە، باشە ئەم عەقڵمەندانە باسی چی بۆ خەڵك دەكەن؟ سەبارەت بە كامە رێبازی دیاریكراوی چارەسەری راو بۆچوونی خەڵك وەردەگرن؟ ئەوانیش بۆ خۆیان نازانن، چوونكە تا ئێستا هیچ جۆرە نەخشە رێگایەكی دیار و دەستنیشان كراوی چارەسەری نە لە لایەن حكوومەتەوە پێشكەش كراوە نە لە لایەن پەكەكەیەوە، بەڵام ئەم وتەیەی پەكەكە كە دەڵێت: لە باشووری كوردستانەوە گریلا دێتەوە باكووری كوردستان، سەلمێنەری ئەوەیە كە توركیا لە بارودۆخێكی یەكجار ئاڵۆزدا دەژیت.

دوێنێ لە ناوچەی ئەزمیر باسكێن ئۆراڵ كە ئەندامی گرووپی ئەزمیری عەقڵمەندانە چەند وشەیەكی بەكار هێنابوو كە بەكار هێنانی ئەم وشانە لە توركیای ئەمرۆماندا هەڵەیە، بەڵام هەر لە ئەزمیر تارهان ئەردەم كە ئەویش ئەندامی ئەو گرووپەیە دەڵێت: ئێمە دەمانەوی گوێ لە هەست و داواكارییەكانی خەڵك رابگرین و هەر یەك لە ئێمە ئازادە كە بیروڕای خۆی دەرببرێت. ئەم وتەیەی تارهان ئەردەم بە مانی پشتگیری كردن لە وتەكانی باسكێن ئۆراڵە. هەر دوێنێ گرووپی عەقڵمەندان لە دیاربەكر لەگەڵ جەماوەردا كۆ بوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا تەنیا و تەنیا باسی چۆنیەتی ئازاد كردنی ئوجەلان كرا. لێرەدا من دەمەوێ بپرسم ئایا حكوومەت دەیەوێ زەمینە بۆ ئازاد كردنی ئوجەلان خۆش بكات یا دەیەوێ كۆتایی بە شەڕی چەكداری پەكەكە بهێنێت یا خۆ دەیەوێ راستەوخۆ پرسی كورد چارەسەر بكات؟

 

سەرچاوە-  وەتەن 

 

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار