فەھمی بورھان بۆ KDP: ئهوهی كراوه ههڕهشهیه لهسهر ئهو ناوچانهو قسهی خۆمان دهبێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێ، نیگەرانین لە ھەژمارکردنی عەرەبی ھاوردە لەسەر کەرکووک و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەوەی کراوە ھەڕەشەیە لەسەر ئەو ناوچانە و قسەی خۆمان دەبێت.
فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پێش ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق ڕێکەوتن ھەبوو لەنێوان ھەرێم و بەغدا کە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ بکرێتە بنەما بۆ ھەژمارکردنی دانیشتووانی کەرکووک، بەداخەوە پابەند نەبوون بەو لێک تێگەیشتنەو سەرژمێری ساڵی ڕابردوو کراوە ئەو عەرەبانەی ھاتوونەتە کەرکووک نەگەڕاونەتەوە بۆ مەلەفەکانیان و لەسەر کەرکووک ھەژمارکراون نەک لەسەر ئەو ناوچانەی پێشتر لێوەی ھاتوون، لەبەر ئەوەیش ئێمە نیگەرانین لەو پرۆسەیە".
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەشڵێت، "ئەمەی ھەیە کێشەیەکی قووڵە و پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، ئێمە لای خۆمانەوە ناوەستین و ھەموو ڕێکارێکی یاسایی و دەستووری دەگرینەبەر بۆ ئەوەی عەرەبە ھاوردەکان ئەوانەی بەشدارنەبوون لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ لەسەر کەرکووک ھەژمار نەکرێن.
فەھمی بورھان ئاماژە بۆ ئەوەکرد، "ئێمە ئەرکی دەستووری خۆمان جێبەجێ دەکەین و لە ڕێگای سەرۆکایەتی کۆمارو دەزگا پەیوەندارەکان قسەی خۆمان دەبێت، چونکە ئەمەی ڕوویداوە ھەڕەشەیە لەسەر ئایندەی ئەو ناوچانە و پێویستە ببێتە کارنامەی کورد بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی داھاتووی عێراق.
قائید میرۆ




