٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە بڕیاری مەسروور بارزانی 117 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی دووسایدی هەولێر-کۆیە تەرخان کرا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەم بە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ڕێگاوبان، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری تەرخانکردنی گوژمەیەکی نوێی بۆ تەواوکردنی بەشی کۆتایی پڕۆژەی دووسایدی ھەولێر-کۆیە دەرکرد، کە بە یەکێک لە شادەمارە سەرەکییەکانی ھاتووچۆ لە ھەرێمی کوردستان دادەنرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند: "بە ڕەزامەندیی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە تەرخانکردنی گوژمەی (١١٧ ملیار دینار) بۆ جێبەجێکردنی ٨ کیلۆمەتری بەشی کۆتایی پڕۆژەی دووسایدی ھەولێر - کۆیە".

پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بەوەش دا، بە جێبەجێکردنی ئەم قۆناغە، ڕێگاکە دەگاتە ناو شاری کۆیە و دەبەسترێتەوە بە شەقامی ٦٠ مەتریی شارەکە کە بڕیارە لە داھاتوودا دروست بکرێت.

 ئەم بەشەی ڕێگاکە کە تەواوکاریی ڕێگای ھەولێر - کۆیە بەرەو سلێمانی دەبێت، بە ھەمان ڕەوش و پێوەری بەرزی ئەندازیاری جێبەجێ دەکرێت، بەجۆرێک ھەر سایدێکی سێ لەین دەبێت و بۆ ئاسانکاریی ھاتووچۆی ھاووڵاتیانیش چەندین بەرزە پرد لەخۆ دەگرێت.

ڕێگای کۆیە - ھەولێر، بە شادەماری ڕێگاکانی کوردستان دادەندرێت و پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کەرتی ڕێگاوبانە. ئەم ڕێگایە پایتەختی ھەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان، ھەروەھا لە ھەولێریشەوە بەرەو پارێزگای دھۆک درێژ دەبێتەوە.

بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بە گوژمەی گشتیی (٥٦٠ ملیار و ٤٤٦ ملیۆن دینار) پڕۆژەی جووتسایدی ھەولێر-کۆیە دەستی پێکردووە و لە ئێستادا نزیکەی ٣٠%ی کارەکانی تەواو بووە. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، جگە لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ھاتووچۆ، جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان پارێزگاکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو چالاکتر دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار