فەلاح مستەفا بۆ KDP: کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا له ههولێر پەیامی خۆی ھەیە

هەولێر-KDP.info- یاریدەدەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە گوتی، کردنەوەی تەلاری کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان، پەیامی خۆی ھەیە، ئەمەریکا پابەندە بە پەیوەندیی درێژخایەنی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵێنیشی داوە سیستمی بەرگری بۆ ئاسمانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دابین بکات.
فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە، له لێدوانێكی تایبهتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "کردنەوەی گەورەترین تەلاری کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر، بۆ ئەو پێگە تایبەتە دەگەڕێتەوە کە ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا هەیەتی و لەگەڵ ئەمەریکاش پەیوەندییەکی مێژوویی ھەیە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا بە چەندین قۆناغ بەردەوام بووە، پەیوەندییەکانیش درێژخایەن و ستراتیژی و پەیوەندی ھاوبەشی و ھاوپەیمانی بوونە، ڕاستە هەوراز و نشێویشی ھەبووە، بەڵام پەیوەندییەکە هەر بەردەوام بووە.
فەلاح مستەفا گوتیشی، "ئەو پەیوەندییانە بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر گرینگن، بۆیە کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی بچووک بێت یان گەورە پەیامی خۆی ھەیە، بەڵام دروستکردنی تەلارێک بەو شێوەیە بەپێی ستانداری خۆی بۆ ئێمە مایەی پابەندبوونی درێژخایەنی ئەمریکایە بە ھەرێمی کوردستان و عێراق.
یاریدەدەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دهشڵێت، "داوای دابینکردنی سیستمی بەرگری لە ئەمەریكا کراوە، ماوەیەک پێش ئێستا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەکو فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە ئەمەریکا کردووە، ئەوانیش بە فەرمی وەڵامیان داوەتەوە، لە چوارچێوەی دابینکردنی ئەو سیستمە بۆ عێراق، ھەوڵ دەدەن بۆ هەرێمی کوردستانیش دابینی بکەن، دابینکردنی سیستمی پاراستنی ئاسمانیی بۆ ھەرێمی کوردستان تەنیا لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا نییە، لە بەرژەوەندیی ھەموو عێراقیشە، چونکە ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ژێرخانی وزەی ھەرێمی کوردستان و ژێرخانی وزەی عێراق بە شێوەیەکی گشتی، ئەو ھێرشانە بۆ تێکدانی ئەو پێشکەوتنانەی نێوان ھەرێم و بەغدایە، ئەمەریکاش بەڵێنی داوە، ھیوادارین بەرنامەکان خێراتر بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا سیستمی بەرگری دابین بکەن.
بڵند ئیبراھیم




