٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان: په‌یوه‌ندیمان لەگەڵ ئه‌مه‌ریكادا، لەسەر بنەمای متمانە و به‌ها و کاری هاوبەشه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 3/12/2025 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆك مەسعوود بارزانی، بەشداریی ڕێوڕەسمی كردنەوەی باڵەخانەی نوێی كونسوڵگەریی گشتیی ئەمەریكاى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

لە ڕێوڕەسمەكەدا كە بەڕێزان مایكل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مەسروور بارزانی سەرۆكوه‌زیرانى هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكوه‌زیران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و كونسول و نوێنەرانی وڵاتان ئاماده‌ بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:

به‌ڕێز جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى،

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

ئێوارەتان باش،

هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن،

به‌خێرهاتنێكى گه‌رمى به‌ڕێز (مایكل ڕیگه‌س) جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌م كه‌ به‌ تایبه‌تى بۆ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ سه‌ردانى هه‌ولێرى كردووه‌. به‌ خێر بێن بۆ هه‌ولێر، به‌خێر بێن بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق.

زۆر خۆشحاڵم به‌وه‌ى ئەمڕۆ پێكه‌وه‌ به‌شداریى لە ڕێوڕه‌سمى کردنەوەی تەلاری نوێی کونسوڵخانەی گشتیى ئەمه‌ریکادا لە هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین.

بوونی ئەم ناوەندە دیپلۆماسییە لێره‌، پەیامێکی سیاسیی ڕوونە دەربارەی گرنگیی هەولێر و هەرێمی کوردستان و دەرخەری ئەو هاوبەشییە قووڵه‌یە کە عێراق و هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ ئه‌مه‌ریكادا هەیەتی و پێكه‌وه دەیانبەستێتەوە.

پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئه‌مه‌ریكادا، لەسەر بنەمای متمانە و به‌ها و کاری هاوبەش لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا بنیاد نراوە. هەر لە پرۆسەی دابینکردنی نه‌واى ئارام و سەپاندنی ناوچەی دژەفڕینه‌وه‌ لە ساڵانی نەوەدەکاندا تا ئێستا، ئه‌مه‌ریكا لە سه‌ختترین و هەستیارترین كاته‌كاندا هه‌میشه‌ لەپاڵ گەلی کوردستاندا وەستاوە.

ساڵی ٢٠٠٣ لە کاتی ئازادکردنی عێراقدا، پێکەوە بووین. ساڵی ٢٠١٤ کاتێک ڕووبەڕووی تیرۆر بووینەوە، هێزەکانی پێشمەرگە بە ئازایەتییەوە شانبەشانی هێزەکانی دیكه‌ى عێراقی و ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی جەنگان. پێکەوە سەرکەوتوو بووین لە تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش و ئازادکردنی شار و ناوچه‌كانى ژێر ده‌ستیان. ئەمانە لاپەڕەی لەبیرنەکراوی مێژوون و بناغەیەکی پتەویان دروست كردووە بۆ هاوبەشی لە ئایندەدا.

به‌ڕێزان،

ئه‌مڕۆ کردنەوەی ئەم کۆمەڵگە کونسوڵییە له‌ هه‌ولێر، جەختکردنەوەیە لەسەر بەردەوامیی ئەم پەیوەندییە و پابەندیى ئه‌مه‌ریكایه‌ بە کارکردن لەگەڵمان لەپێناو ئاشتی و سەقامگیریدا. هەروەها ڕەنگدانەوەی متمانەیه‌تى بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشیمان لەگەڵ بەغدا و بە توانامان بۆ بنیادنانی نموونەیەکی سەرکەوتوو لە پێکەوەژیان و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا.

ئه‌مه‌ وه‌ك سەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ فراوانکردنی هەماهەنگی لە زۆر بواردا دەبینین: لە سیاسەت و ئاسایش، لە ئابووری و وەبەرهێنان، لە ڕۆشنبیری و پەروەردە و لە پەیوەندیی نێوان گەلاندا. ئێمە تەنها بەدوای پەیوەندیی حکوومەت لەگەڵ حکوومەتەوە نین، بەڵکوو خوازیاری پەیوەندیی نێوان کۆمپانیاکان، کۆمەڵگەکان و پەیوەندیی نێوان گەنجانمان و گەنجانی ئه‌مه‌ریكاین.

سیاسەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان ڕوونە: دەمانەوێت کوردستان پردی پەیوەندی بێت نەک گۆڕەپانی ململانێ. ده‌مانه‌وێت وەک بەشێکی کاریگەر لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا بمێنینەوە.

بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم كێشه‌كان لەسەر بنەمای دەستوور و بەڕێوەبردنی وڵات لەڕووی سیاسی و كارگێڕی و یاسایییەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیریی هەموو عێراق بکات.

لە هەمان کاتدا و له‌ چوارچێوه‌ى عێراقى فیدراڵدا، له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێككه‌وتنى ستراتیژیى عێراق و ئه‌مه‌ریكا، پابەند دەبین بە هاوبەشیی ستراتیژییمان لەگەڵ ئه‌مه‌ریكا، چونکە بڕوامان وایە ئەم هاوبەشییە بنه‌مایه‌كى سەرەکییە بۆ ئاشتی و ئاسایش و پێشكه‌وتن.

ئێمە به‌ ڕێز و پێزانینێكى زۆره‌وه‌ له پشتیوانیی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانین، چ لە ڕێگەی سەربازەکانیانەوە بێت کە قوربانییان داوە، یان لە ڕێگەی دیپلۆماتکارەکانیان بێت، یان لە ڕێگەی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكانی ئەمه‌ریکی بێت کە بەشدارییان لە پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان كردووە و جێی ڕێز و سوپاسێكی زۆرن.

بەناوی هەرێمی کوردستانەوە، سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی گەل و ده‌وڵه‌تى ئەمه‌ریکا دەکەین بۆ پشتیوانیی بەردەوامیان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان.

به‌ ته‌واوى پشتگیریى له‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ دەكەین له‌پێناو چارەسەركردنى كێشه‌كان و چه‌سپاندنى ئاشتى له‌ ناوچه‌كه‌دا. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى لێ ده‌كه‌ین بۆ دیاریكردنى به‌ڕێز مارك ساڤایا وه‌ك نێرده‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ عێراق. ئه‌مه‌ پێشهاتێكى گرنگه‌. هیوادارین ڕۆڵى خۆى بگێڕێت له‌ یارمه‌تیدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌.

بە ئومێد و ئیرادەوە دەڕوانینە پێکەوەكاركردن بۆ بنیادنانی داهاتوویه‌كى باشتر و سەقامگیر و ئاوەدانتر بۆ هەمووان.

زۆر سوپاس.

 

هەواڵی پەیوەندیدار