بەرژەوەندی نەتەوەیی كورد .. هەڵوەستەیەكی پێویست لەقۆناغێكی مێژوویی هەستیاردا

خەسرۆ پیرباڵ
مانا و بنچینەكانی تیۆری بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبنەڕەتدا، بەستراوەتەوە بەفیكری دەوڵەت- و هەبوونی كیان بۆ میللەت یان گەلێك، وە هەر ئەو دەوڵەت و دەسەڵاتەشە دەبێت پارێزگاری لەو بەرژەوەندیانە بكات و زامنیان بكات بۆ هاوڵاتیانی وڵات وە بەرامبەر ئەو لایان و تەوژمە نا نیشتیمانیانەی كە بەئاراستەیەكی دژ بە وڵات و گەل كاری سیاسی دەكەن، دەبێت دەوڵەت ڕێگریان لێبكات و نەهێڵێت كاریگەری خراپیان هەبێت و پڕۆسەی بە مووئەسەساتكردنی وڵات و دەوڵەت بوەستێنن و خەڵك و حكومەت، بە پلان و بەگوێرەی تیۆری مووئامەرات- لەیەكتر بكەنە دووژمن و ئەو دوو پێكهاتە نیشتیمانیە لەیەكتر بكەن.
· بەرژەوەندی نەتەوەیی چییە؟
بەرژەوەندی نەتەوەیی:The National Interest - بەشێوەیەكی ئەكادیمی، ئەو داخوازی و ئامانجانەیە كە دەوڵەت هەیەتی – واتە لەسەرەتاوە مەفهومی بەرژەوەندی نەتەوەی، بەستراوەتەوە بە بیرۆكەی هەبوونی كیان یان دەوڵەت، كە بریتیی یە لە هەموو ئەو ئامانج و خواست و داخوازییە گشتیانە دەگرێتەوە كە میللەت پێویستی پێیەتی، ئامانجە سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری و سەربازیانە دەگرێتەوە كە میللەت و دەوڵەت، بەبەردەوام پێویستی پێیەتی و وەكوو سیستەم كاری لەسەر دەكات و وە مەفهومی بەرژەوەندیە نەتەوەیەكان، بەشێكی گرینگە لە كۆسیسەتەمی- پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان و بەمەم شێوەیەش، هەر دەوڵەتێك، دەیەوێت بەگوێرەی ئەو بەرنامە و ئامانجە سەرەكیانەی خۆیان، بەرژەوەندیی نەتەوەی خۆیان بپارێزن و ئەمەش لە دوونیای سیاسەتدا، ڕێك دەكەوێتە چوارچێوەی قوتابخانەی واقیعی .
ئامانج و بەرنامەكان جیاوازن، بەڵام گرینگ مانەوەو بەردەوامبوونی دەوڵەت و بەرژەوەندییە باڵاكانی دەوڵەتە، مانەوە و پاراستنی لەبوواری ئاسایش و ئەمنیەتەوە زۆر گرینگە بۆ دەوڵەت- وە بەگوێرەی پێناسە و ڕەواڵەتی بەرژەوەندییەكان، سیسەتەمی دەوڵەت بەرپرسە لە دابینكردی سەروەت و سامانێكی باش، وە پارێزگاری لەسەر سەرچاوەگشتیەكانی ئابووری وە وەبەرهێنانی هێزێكی باش، بۆ داكۆكیكردن لەو بەرژەوەندییە نەتەوەیانەی دەوڵەت . وە لە مێژووی سیاسی نوێدا، ئەركێكی نوێی دەوڵە، جگەلەوانەی باسكران، داكۆكیكردنە لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی) Nation identity and cultureو گەشەپێدانی.
بەشێوەیەكی سیستەماتیك، بیرۆكەی بەرژەوەندی نەتەوەیی، پابەندە ئەساسەن، بە فیكری دەوڵەت – واتە ئەوە ئاستی پێشكەوتنی ویستی بەدەوڵەت بوونە، كە بەرژەوەندی نەتەوەی مەتڕەح دەكات
لە دەرەنجامی كاریگەری خراپی هەندێك لە لایانی سیاسی هەرێمی كوردستان، هەندێ هاووڵاتی شێواوییەك لە بیروباوەڕیاندا دەبینرێت و بەرژەوەندییەكانی خۆیان و نەتەوە لە یەك جیاواز دەزانن، ئەمەش ڕێك لە ئەنجامی كاركردنی سیستەماتیكی ئەوانەن كە سیاسەت دەكەن، بۆ لەباربردنی ئەزموونی حكومڕانی كوردی.
دیارە ئەگەر بەشێوەیەكی ئەكادیمی وەڵامتان بدەمەوە، هەروەكوو لە پێشەوە لە پێناسەی زانستی-سیاسی، مانا و بیرۆكەی مەسەلەكەم شیكردەوە، ئەوە بەشێوەیەكی تر وەڵام دەدەمەوە و بەڵام دەمەوێت بەزمانێكی ساكار وەڵامم هەبێت، لەئاستی هەرێمی كوردستاندا، وەڵام بدەمەوە، بەداخەوە، بارودۆخی سەرتاسری عیرٍاق، كاریگەری زۆر خراپی بەسەر ئێمەی كورددا هەبوو، پاش ئازادكردنی عیڕاق، سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان، سەرقاڵی بەشەكانی تری عیڕاق بوو، ئێمەی كورد، كاریگەری خراپی باروودۆخی ناچەكە و عیڕاقمان بەسەرەوە زۆر بوو، ئێمە لە هەرێم خەڵكێكی زۆر ڕویان تێكردین، پلان و بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەبەردەوام، زیاد و كەمی تێكەوتووە و نەمانتوانی بۆخوچمان وەكوو كورد، پلان دابڕێژین و زیاتر خزمەتی ناوچە و خەڵكی خۆمان بكەین، ئەو خۆمانەی من مەبەستمە، تەنها كوردە، ئەو داهات و دەرماڵە و بوودجەیەی كە هەمانە هەموو بۆ مووچە و یارمەتی بووە، پارە و ئێنەرژییەكی زۆریشمان بۆ بەشەكانی تری عیڕاق بووە، چوونكە لێرەشدا، لە سیاسەتیشدا، ئێمەی سنوورمان پێدانەنراوە بۆ بەرژەوەندی نیشتیمانی خۆمان، حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم زۆر جار بەرژەوەندی نیشتیمانی عیڕاقی و كوردستانی ئاوێتەی یەكتر كردووە،دیارە جەنابی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتبەرپرسیاریەتیكی ئەخلاقیان هەبووە بەرامبەر میللەتانی تری عیڕاق، لێرەداگرفتەكان درووست بوونە، هاوڵاتی سادە لەم هاوكێشەیە نەگەیشتتونە، لەبەر ئەوەشە، تێڕوانیان جیادەركەوتووە، پێموابێت، بەشێوەیەكی گشتی، هەندێك( لایانی سیاسیی كوردستانی ) بەئانقەستئەو مەسەلەیان زیاد لە خوودی قەوارەی خۆی گەورە كردووە و تەوزیفیان كردووە بۆ پڕۆپاگەندە بۆ دوكانە بچكۆلانەكەی خۆیان.
ئێمەش دەبوایە، ماشێنێكی ڕاگەیاندنی گەورەمان هەبوایە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەبەزمانێكی سادەبۆ هاوڵاتیان كوردستان، ئاوا باسكردبا .
· پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی لە كۆمەڵگە ئەركی تاكە یان حكومەت؟
پێش هەموو لایەك، ئەوە ئەرك و بەرنامەی دەوڵەتە- داكۆكی لەو بەرنامە ستراتیژییەی خۆی بكات و وە دەبێت بەهەموو ڕێگایەك و شێوازێك ئامادەگی هەبێت بۆ داكۆكیكردنی لە بەرچەوندی نەتەوەیی، پاشانیش لە سیستەمێكی سیاسی تەندرووستدا، دەبێت هاوڵاتی- وەكوو كائینێكی هوشیار، لە خزمەت ئەو بەرنامە و سیاسەتەی حكومەت و دەوڵەتتدا بێت، چوونكە دواجار، هەر كەمووكڕیەكی ئەو حكومەتە، ئەبێتە كەمتەرخەمی و كەوموومورتیەكانی هەموومان . هاوڵاتیان و دەسەڵاتی كوردستانی، پێكەوە لە ئاوێتەیەكی بەهێزدا، داكۆكی لەماف و بەرژەوەندیەكان بكەن.
سەرۆكی هەرێم، مەڕجەعی نەتەوەیی میللەتی كوردە.
ئەوە دەوڵەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، سنووری ئەو بەرژەوندیانە دیاری دەكات، ئێمە لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستانمان هەیە، خۆشبەختانە، بەیاساو ڕێنمایی و پێوەرە دیموكراتیەكانی دوونیا موومارەسەی دەسەڵاتەكانی خۆی دەكات، جیا لەوەش لەئاستی كوردستانیشدا، هیچ كوردێكی دونیام نەبینیوە لەبەشەكانی تری كوردستان و لە وڵاتانی ئەوڕوپا وجیهاندا، لەكەسایەتی سەرۆكی هەرێمدا كوردایەتی و كەسایەتی خۆی نەبینیبێتەوە، هەموویان جەنابی كاك مەسعود بە مەڕجەع و سەرۆك و خۆیان دەزانن . ئەوە ئاشكرایە دەبێت سەرۆكایەتی هەرێم ئەو سنوور و بەرژەوەندیانە دیاری بكات، پێشموابێت،جەنابی سەرۆك لەبەر هەندێك باروودۆخی تایبەتی وڵات و هەستیاریهەندێك لایانی سیاسی ناوەوەی هەرێم، تەدەخولی زۆری هەموو شتێكی نەكردووە، لەكاتێكدا، بەگوێرەی سیستەمی مووئەسەسەی سەرۆكایەتی هەرێم، دەبێت مەڕجەعی سیاسی و سەرۆكایەتی هەرێم، - The Top Policy( سیاسەتە گشتیەكان) بۆ سەرجەم مووئەسەكانی هەرێمدا دابنێت و بەگوێرەی سیستەم هەر خۆشی چاودێریان بكات . .
لە كوردستاندا، دیسانەوە بەداخەوە، هەندێك لایانی سیاسی هەن، تەنها بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت بخاتە نێو مەوقیفێكی خراپ، ئامادەن هەموو جۆرە درۆو و بووختان و زانیاری نادرووست و سیناریۆی سەیروسەمەرە دابڕێژن !لە دونیای حیزبایەتی كوردیدا- من ناڵێم دونیای سیاسەت، چوونكە بەڕاستی سیاسەتكردن ئاوانابێت.
دەبێت، بەتایبەت چەندین كەسایەتی گرینگی تابلۆی سیاسی كوردستان هەن، ئێمڕۆكە هەموویان، پێكەوە هەموو ئەو خوێندنەوە و ناكۆكیانەی خۆیان بەلاوە بنین و بێن پێكەوە، نەخشەڕێگای چارەسەری سیاسی دابڕێژن لە ئاستی هەرێمدا، وە پێكەوەش ڕووبەڕووی ئەوتێڕوانینە شۆفینیانەی بەغدا ببنەوە، ڕێبگرن جارێكی ترلە بەغدا كەسێكی تر بێت، بەڕێگای (دكتاتۆری ئینتیخابی) The Election dictatorshipدەسەڵات بگرێتە دەست، وە ئەمەش جۆرێكی ترسناكی سیاسەتكردنە لە عیڕاق پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام، كە شیعەكان بەكاریدەهێنن، بەڵام لە ناوەڕۆكدا، سیاسەتكردن نیە، بەڵكوو ڕێك پەیڕەوكردنی –فتوی التقیە- یە .، بەواتای ئەوەیە، لە ململانێكاندا، هەموو جۆرە درۆو خیانەت لە نەیارەكەت بكە و بەلێن و گفتی پێبدە و ئیمزای بۆ بكە لەسەر كاغەزی سپی، بەڵام بەیانیش لێ هەڵبگەڕێوە و تەواو بەپێچەوەانەوە ڕەفتار بكە و گرینگ ئەوەی تۆ سەركەویت،...،
بەرژەوەندی نەتەوەی و قازانجی گشتی وڵات، ڕاستەوخۆ پێكەوە بەستراونەتەوە، كاتێك دەوڵەت درووست دەبێت، دەبێت هێزێكی باشی هەبێت بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان، وەهەروەهاش هاوتەریپ، دەبێت دووبارە حكومەتی هەرێم، چاوپێخشاندنەوەیەكی هەبێت بۆ مەسەلەی دابەشكردنی، خێر و سامان و بەشی هەر هاوڵاتیەكی هەرێمی كوردستان، ئێستاكە خەڵكی هەموویان، دێن و داوای پارچە كێكەكەی خۆیان دەكەن – وە دەلێت كووابەشی من، قازانجی گشتی خەڵك دەبێت دەوڵەت زامنی بكات بۆ هاوڵاتیان، دەبێت حكومەت ودەوڵەت ببنە برا گەورە بۆ هاوڵاتیان( The System of Big brother .
پرسیاری گرینگی ئیمڕۆكەی كوردستان، دەبێت ئەوەبێت،ئایا دەكرێت بەرژەوەندی نەتەوەیی قوربانی چەند سیاسەتێكی تاك رەوانە بكرێت؟
ئەو دەوڵەتەی لێرەدا باسی دەكەین، دەبێت بەهیچ شێوەیەك ڕێگانەدات، هەر لایانێك و دەزگایەكی ڕاگەیاندن سووكایەتی بەهەستی خەڵك و مەسەلە هەستیارەكانی ئەو میللەتە بكات، بەتایبەتی لە كۆمەڵگای) The Post-conflict societyپاش كۆنفلیكتی وەكوو هەرێمی كوردستان، ئێمڕۆكە بەداخەوە، چەند دەزگایەك و لایانێكی سیاسی ئاشكرا هەن، دڵیان پڕ لە قینە و تۆڵە سەندنەوەیە، پێم وابێت –ئەو كەسە- ڕقێكی زۆر گەورەشی لەخوودی خۆیەتی- ئەو ماشێنە گەورە یەی خۆی بەگڕخستووە و تەڕووووشك پێكەوە دەسوتێنێت. دەبێت دەسەڵات ڕێگری لێبكات و بیوەستێنێت.
لە بەرامبەر ئەو تەوژمە نا نیشتیمانیانەدا، ئەركی دەوڵەت ئەوەیە، دەبێت سنوور بۆ ململانێكان دابنرێت، سنوور بۆ دەسەڵات و ڕۆڵی هەر هەموو لایانەكان دابنرێت و دەبێت لە پڵاتفۆڕمێكی نەتەوەیی كوردی- هەموو لایانەكان، پابەند بن بەو بەرژەوەندیە نەتەوەییەكان، وە پێش ئەوەش دەبێت كوردەكان ڕێز لە مووئەسەسەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆكی هەرێم بگرن ..ئەوە ئەو دەزگایەیە هێڵە سوورەكان دیاری دەكات، هەر ئەو حكومەتە كوردیەشە پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایشی هەموومان دەكات.
ئەگەر باس لە دەوڵەت و ئازادی و سەربەخۆی و درووستكردنیمووئەسەسات بكەین، بێگومان، دەبێت دەسەڵات و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەگی هەبێت بۆ پارێزگاری لەو دەستكەوت و ئەو ئاستەی حكومڕانی كوردی، وەلەبەرامبەریشدا، خەڵكانێك هەبن، بیانەوێت ئەوەی كراوە هەمووی تێكبدەن و ڕۆژانەش لە ڕاگەیاندنەكان سووكایەتی بەهەموو ڕەمز و كەسایەتەكانی ئەو وڵاتە بكەن، ئەوە پێش هەموو شتێك ئەوە ئیلتیزامێكی ئەخلاقی و سیاسیی دەستوورییە كە دەوڵەت- تەدەخول دەكات و ڕێگا نەدات بەرژەوەندی نەتەوەی كورد زەرەرمەند بێت و پڕۆژەكان نەتەوەیەكان و بەرنامەی حكومەت بووەستێت و خەڵكی دوواجار زەرەرمەند دەبن،وە ئەوەش سلوكێكی تێكدەرانەیە، هیچ دەوڵەتێك و حكومەتێك و سیستەمێكی دیموكراسی ئەمەی پێقەبوڵ نیە، وە ئەمە سلوكی سیاسی نیە وبەڵكوو فەوزا و ئاژاوەگێڕیە .
ئەوە ئەركی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، هێڵە سەرەكیەكانی سیاسەت و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان دەستنیشان بكات،بەڵام لەهەمان كات،نەخشە و پلانی تۆكمەی هەبێت بۆ پاراستنیشیان لەدەست نەیاران و دووژمنانی میلللەتەكەمان و هەر لایان و هێزێكی تری سیاسی كوردی، كە بە ئاراستەیەكی دووژمنكارانە سیاسەت دەكەن و، خەتی گەزورەی ڕاست چەپیان هەمیشە پێیە بۆ ئەوەی بەسەر هەموو شتێكی ئەوڵاتە و ئەو حكومەتی هەرێمەی كوردستان دابهێنن، تەڕوووشك پێكەوە دەسووتێنن، دەیانەوێت كورد هەموو ئەو دەسەڵات و دەستكەوتانەی لەدەست بچێت وداهاتووی وڵات بسپێرنە باووتۆزێك و هەموومان بگەڕێینەوە سەدەیەك پێش ئێستا..
دەبێت دەسەڵات و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت، نەخشە و ستراتیژی بەرژەوەندی نەتەوەی كوردوستانی دابڕێژێت و بەهەموو ئامرازێكی حكومی و یاسایی پارێزگاری لەو دەستكەوتانە بكەن و بەهەر شێوازێك بێت، ڕێگانەدەن، لەبەر بەرژەوەندی چەند كەسێك و حیزبایەتیكردنێكی مەترسیدار، سەرتاپای ئەزموونەكەمان لەبەر بەرن و كورد هەموو شتێكی لەدەست بچێت.
ئیمڕۆكە، دەسەڵاتی كوردی و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە بەردەم پرسیاری گەورەی مێژوویدان، دەبێت وەكوو دەوڵەت كاربكات و داكۆكی لە پڕەنسپە سەرەكیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەزموونی دیموكراسی و ئازادی خۆمان بكەین، بەمەش هەیبەت دەدەینە مووئەسەسات و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان .




