پیاوماقووڵانی گوندی لاجان: ڕێگە بەوە نادەین ناوچەکەمان بۆ ئاژاوەنانەوە بەکار بهێنرێت

ھەولێر-KDP.info- ڕیش سپی و پیاوماقووڵانی گوندی لاجان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامێکی یەکلاکەرەوەیان بڵاو کردەوە و تێیدا جەختیان لەسەر کۆتاییهێنان بە تەواوی گرژییەکان کردەوە، هاوکات هۆشدارییەکی توندیان دایە هەر کەس و لایەنێک کە هەوڵی دروستکردنی کەلێن لەنێو عەشیرەتی هەرکیدا بدات.
لە پەیامەکەدا کە ئاراستەی دانیشتووانی ناوچەکە کرا، ڕیشسپییانی لاجان ڕایانگەیاند، "پەیوەندیی نێوان گوندی لاجان و پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکی ستراتیژی و ڕۆحییە و هیچ پیلانگێڕییەک توانای جیاکردنەوەیانی نییە، بەپێی قسەی ئەوان، زیاتر لە سەدا 90ـی ئەندامانی عەشیرەتی هەرکی لایەنگری پارتین و مێژووی خوێنی شەهیدەکانیان شاهیدی ئەو ڕاستییەن، بۆیە ئامادەن بە سەروماڵ بەرگریی لەو حزبە بکەن.
پیاوماقووڵان داوایان لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە گوێ بە دەنگۆی لاوەکی نەدەن و بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان، چونکە حکوومەت هی خۆیانە و هیچ کێشەیەک نەماوە، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژەیان بەوە کرد کە هەر دەستێکی دەرەکی هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە لەنێو عەشیرەتی هەرکیدا بدات، ئەو دەستە دەبڕن و هەر کەسێکیش لە ناوخۆی گوندی لاجان ببێتە هۆکاری ئاژاوەگێڕی، لە گوندەکە دەردەکرێت.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیاندا، پیاوماقووڵانی گوندی لاجان گوتیان، ئەو کەسانەی لە دەرەوەی پارتین، دەیانەوێت گەنجانی هەرکی بە کوشتن بدەن، بەڵام هەرکییەکان ڕێگە نادەن دەستی دەرەکی بێتە نێو ئەو نا تێگەیشتنەی لەنێوان خەڵکی گوندی لاجان و کۆمپانیای لاناز دروست بووە، ئەو دەستانە دەبڕن ئەگەر بیانەوێت سوود لەو بارودۆخە وەربگرن.
خەڵکی گوندەکە ئاماژەیان بەوە کرد، ئێستا دەچنەوە نێو ماڵەکانی خۆیان و هیچ کێشەیەکیان نییە، ئەوەی لە سۆشیال میدیا باسی لێوە دەکرێت سەبارەت بە دۆخی گوندی لاجان، دوورن لە ڕاستی.




