٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. محەمەد بۆ KDP: ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای بیانی و شاند سەردانی کوردستانیان کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، لەبەر دوو ھۆکار ھەرێمی کوردستان بووەتە جێگەی سەرنجی کۆمپانیا بیانییەکان، ئەوانیش بریتین لە ئارامی و ھەبوونی دەرفەتی زۆری کاری وەبەرھێنان، کە بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتیش ئاسانکاریی تەواو بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی دەکرێت.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ ژمارەیەکی یەکجار زۆری کۆمپانیا بیانییەکان و شاند سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، کە لە دوایین پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر شاندی ٢١ وڵات بەشدارییان کرد، بۆیە ئارامی و دەرفەتی زۆری وەبەرھێنان و ئاسانکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ وەبەرھێنەران، وای کردووە وەبەرھێنەری بیانی بێن کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکەن.

د. محەمەد، هەروەها هێمای بۆ ئەوەش کرد، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێوستە سەرمایەی وەبەرھێنەرانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت و ئێمەش ھەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی زۆرترین پڕۆژە لەلایەن وەبەرھێنەری بیانی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێن، بۆیە لەئێستادا ھەرێمی کوردستان بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی بووەتە جێگەی سەرنج و بەردەوام دێن سەردانی ھەرێم دەکەن بۆ ئەوەی لە ھەموو سێکتەرەکاندا وەبەرھێنان بکەن و ئێمەش لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەکەین.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار