٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێمن هەورامی و کونسوڵی ئوردن جەختیان لە هەماهەنگی زیاتر کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی پێشوازی لە کونسوڵی نوێی ئوردن کرد و لە دیدارەکەیاندا، بیروڕایان لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی ھەرێمی کوردستان و ھاوکێشەکانی عێراق ئاڵوگۆڕ کرد و باسی پەیوەندییەکانی نێوان ئوردن و ھەرێمی کوردستانیان کرد و جەختیان لە بەردەوامی ھەماھەنگی زیاتر لە ئایندەدا کردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠-١١-٢٠٢٥، د.ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە زیاد البگارسە کونسوڵی نوێی ئوردن لە ھەرێمی کوردستان کرد.

لەسەرەتای دیدارەکەدا ھێمن ھەورامی وێڕای بە گەرمی بەخێرھێنان و پیرۆزباییان بۆ دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی نوێی ئوردن، ھیوای سەرکەوتنی لە کارەکەیدا بۆخواست.

ھەردوولا ھاوڕابووین کە پەیوەندییەکانی نێوان ئوردن و ھەرێمی کوردستان ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی و سیاسی فراوان و دوور و درێژیان ھەیە و بناغەی ئەم پەیوەندییەش لەسەر دەستی بارزانی نەمر و شا حوسێن دانراوە و قۆناغ بە قۆناغ پەرەی سەندووە و ئێستا لە ھەموو ڕوویەکەوە گەشەی کردووە.

کونسوڵی نوێی ئوردن ئاماژەی بە بایەخی ھەرێمی کوردستان و ھەولێر بۆ ئوردن کرد و دیاریکردنی بەڕێزیان بە پلەی باڵیۆز لە وەزارەتی دەرەوە کە ئەرکی کونسوڵخانەکەیان لە ھەولێر لە ئەستۆ بگرێ ئاماژەیەکی دیکەی گرنگی ئەم بایەخ پێدانەیە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھێمن ھەورامی و کونسوڵی ئوردن بیروڕایان لەسەر دوایین پەرەسەندنەکانی ھەرێمی کوردستان و ھاوکێشەکانی عێراق ئاڵوگۆڕ کرد.

کونسوڵی ئوردن وێڕای دووبارە پیرۆزبایی گەرم لە سەرکەوتنی گەورەی پارتی لە ھەڵبژاردنەکان، جەختی لە بەردەوامی ھەماھەنگی زیاتر لە ئایندەدا کردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار