٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەقی وتاری ھۆشیار سیوەیلی لە کۆنفرانسی سۆشالیست ئینتەرناشناڵ

سەرچاوە: KDP.info

ماڵتا-KDP.info-  بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشیار سیوەیلی بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ لە وڵاتی ماڵتا کرد، لە میانەی ئەو کۆنفرانسەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە، دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەشێک لە بەشدرابوون هەبوو، لە دوایین پێشهات و ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاگاداری کردنەوە. 

 هەمووان نیگەرانی خۆیان خستە ڕوو و هیوایان خواست ڕێگاچارەی ئاشتییانە بۆ ئەو گرفت و پێشێلکارییانە بدۆزرێتەوە کە بوونەتە بەربەست و خەم بۆ گەلی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی. 

بەڕێز ھۆشیار.سیوەیلی وەکو نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لەو کۆنفراسەدا گوتەیەکی پێشکەش کرد، ئەمەش دەقەکەیەتی: 

بەڕێز  سەرۆکوەزیران سانشێز

بەڕێز سەرۆکوەزیران ئابێلا

بەرێز ڕێکخەری گشتی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ

ئامادەبووانی بەڕێز

بەیانیتان باش

ئەم بەیانییە دەربارەی تەوەرێکی گرنگ قسە دەکەین کە بریتییە لە (پێکەوە سەرکردایەتیکردن و نوێکاری و هێنانەکایەی کۆمەڵگایەک کە مافی هەمووان تێیدا پارێزراوبێت.) 

بەدی هێنانی ئەو ئامانجە تەنها خەون نیە، بەڵکو پێویستییەکی گرنگە کە دەبێت بەدەستبێت و ڕێپیشاندەرمان بن بۆ ئایندەیەکی ڕووناکتر بۆ تەواوی کۆمەڵگا و نەتەوە و جیهان. 

لە جیهانێکی پێکەوە گرێدراو و ئاڵۆزدا، ناکرێت ڕووبەڕووی هیچ تەحەدایەک بەتەنیا ببینەوە، پێویستە پێکەوە بە سەرکردایەتی و بیرکردنەوەی بنیاتنەر و پابەندبوونی تەواوە بۆ هێنانەکایەی کۆمەڵگایەک کە مافی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت هەموو تاکێک لە ئاشتیدا بژی و شکۆ و مافەکانی پاریزراو بن هەوڵ بدەین. 

دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئالۆز و  هەستیارە، تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە، بەڵام ململانێ نوێیەکان بەردەوامن لە هەڕەشەکردن لەسەر ئەو ئاشتی و سەقامگیرییە. جەنگی غەزە و هێرشەکانی ئەم دواییانەی نێوان ئیسرائیل و ئێران و  ناسەقامگیریی بەردەوام لە سوریا و لوبنان و جەنگی نێوخۆی سودان تەنیا چەند نموونەیەکی ئەو ململانێیانەن. 

 ئەم هەڕەشانە پێوستیان بە هاوئاهەنگی و هاوکاری زیاتر هەیە بۆ کۆتایی پێهێنانیان و هینانەدی ئاشتی و سەقامگیریی یەکجاری کە کاریگەری تەواوی لەسەر ناوچەکە و جیهانیش دەبێت. 

نەتەوەی کورد، کە یەکێکە لە نەتەوە سەرەکییەکانی ناوچەکە، دەمێکە نکۆڵی لە مافەکانیان دەکرێت و دووچاری چەوسانەوە بووە، هیوادارین گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆی جیهان ڕێخۆشکەر بن بۆ ئەوەی ئەم نەتەوەیە بە مافە نەتەوەیی و سیاسی و کەلتوورییەکانی خۆی بگات. 

لەدوای لەناوچوونی ڕژێمی پێشووی عێراق، هەرێمی کوردستان بۆتە خاوەن ئۆتۆنۆمییەکی باش لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق و توانیویەتی هەرێمێکی سەقامگیر و خۆشگوزەران دابمەزرێنێت.  ئەم پێشکەوتنە لەبەردەم هەڕەشەدایە، لەبەر ئەوەی حکوومەتی فیدرڵ ئامادە نەبووە دەستووری هەمیشەیی فیدراڵی لە وڵات جیبەجێ بکات و ئامادە نییە سنوور بۆ میلیشیاکان و هێزە لەیاسادەرچووەکان دابنێت، هێرشەکانی ئەم دواییانەی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان نیشاندەری هەڕەشەی بەردەوامن بۆ سەر ئاسایش و پێشکەوتنی هەرێمی كوردستان.  میلیشیاکان لە عیراق، کە لەلایەن دەوڵەتەوە پشتگیری دەکرێن، بوونەتە سەرچاوەی ناسەقامگیریی بەردەوام بۆ سەر دەوڵەت و دامودەزگاکانی، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ هەنگاوی جدی بنێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان و کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژی و یاسا شکێنییە. 

پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئومێد و هیوا بەخشە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە دوور و درێژەی لەو وڵاتەدا هەیە، لە ئەنجامدا گەلی کورد لە چوارچێوەی تورکیا بە مافەکانی شادببێتەوە. 

لە سوریاش گۆڕانکارییە سیاسییەکان هەڕەشە و دەرفەتی بۆ گەلی سوریا  بەگشتی و گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هێناوەتە پێشەوە. 

گفتوگۆ و دایەلۆگی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دیمەشق دەشێت ڕێگاخۆشکەر بن بۆ هێنانە ئارای دۆخێکی جیاواز کە هەمووان پێکەوە بە ئارامی  سیستەمێک دابمەزرێنن لە بەرژەوەندی گەلی سوریا بێت. 

ئێمە پشتگیری لە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، بۆ بەدەستهینانی مافە نەتەوەیی و  سیاسی و کەلتوورییەکانیان. 

هەرێمی کوردستان و عیراق، لەم دواییانە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو و دیموکراتییانەی ئەنجام دا. پارتی دیموکراتی کوردستان وەک سەرەکیترین هێزی سیاسی ڕۆڵی سەرەکی بینی لە سەرخستن و توانی جارێکی تر پێگەی خۆی وەک حزبی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بپارێزێت. 

ئیستا حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ خەریکی  پێکهێنانی حکوومەتی نوێن، هەم لە هەرێمی کوردستان هەم لەسەر ئاستی فیدراڵیش. 

ئەمەش نیشانەی پابەندبوونمانە بە دیموکراسیی لەو ناوچە دۆخ ئاڵۆز و سەختەدا، ئەم دەسکەوت و پرۆسە دیموکراسییە دەبێت بپارێزرێت و ئەنجامەکانی قبوڵبکرێن، بۆ ئەوەی عێراق لە بەرەوپێشچوون بەردەوام بێت و بتوانێت ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان باشتر بکات و ئامانجەکانیان بەدی بهێنێت. 

بەڕێزان پڕبەدڵ سوپاسی ڕێکخراوی سۆشیالیست ئینەرناشناڵ  و سەرۆکەکەی دەکەین بۆ بانگهێشتکردنمان بۆ ئەم کۆنفراسە گرنگە و سوپاسی بێ پایانمان بۆ گەل و حکوومەتی کۆماری ماڵتا و سەرۆکوەزیران ئابێلا بۆ میوانداری و ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوە گرنگە.

سوپاس.

 

هۆشیار سیوەیلی

پارتی دیموکراتی کوردستان هەرێمی کوردستان 

مالتا، ٣٠ کانوونی دوەم ٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار