گوھدار شێخۆ بۆ KDP: بەختەوەرین كە سەرۆک بارزانی بەشداری پێشانگاكەی كردووە

زاخۆ-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە زاخۆ كرایەوە، کە زیاتر لە ١٠ وڵات بەشداری تێدا دەکەن، بۆیە ئەمڕۆ بۆ زاخۆییەکان بەھۆی بەشداریکردنی سەرۆک بارزانی لەو پێشانگایەدا، ڕۆژێکی مێژووییە.
پەیوەست بە كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە زاخۆ، گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "سەردانی دوێنێی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرا بۆتان، ڕەنگدانەوەی مێژوویی ھەبوو و خەڵکی جزیرا بۆتان و باکووری کوردستان و ھەر چوار پارچەی کوردستان بەو سەردانە دڵخۆش بوون، کە بەشداری لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە مەلای جزیری کرد، بۆیە ئەوەی دوێنێ لە باکووری کوردستان ڕووی دا، مێژوویی بوو بۆ گەلی کوردستان، ئەمڕۆش وەکو زاخۆییەکان بەختەوەرین كە جەنابی سەرۆک بارزانی بەشداری لە کردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە زاخۆ كردووە، کە لە مێژووی بادیناندا یەکەم جارە ئەو پێشانگایە دەکرێتەوە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەوەشی خسستە ڕوو، لەم پێشانگایەدا زیاتر لە ١٠ وڵات بەشداری دەکەن لە ڕۆژئاوا و رۆژھەڵات و باکووری کوردستان و وڵاتانی میسر و لوبنان و ئیمارات و عێراق و سلێمانی و ھەولێر و وڵاتانی دیکە، بۆ ئەوەی بابەتی جۆراوجۆر نمایش بکرێن، کە پێشانگاکە شەش ڕۆژ دەخایەنێت، بۆیە ئەمڕۆ بۆ ئێمە ڕۆژێکی مێژووییە كە سەرۆک بارزانی بەشداری كردووە.
بڵند ئیبراھیم




