کەمال محەممەد: ئەو بابەتەمان لەگەڵ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان باس کردووە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2025، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستای کارەبا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 2000 مێگاوات و پێشبینی دەکەن، تا کاتژمێر 04:00 بۆ 05:00ـی ئێوارە، ئاستەکە بۆ نزیکەی 4000-4500 مێگاوات بەرزببێتەوە و کارەبا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
کەمال محەممەد ساڵح گوتی، "پێش هێرشەکە، ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی کۆرمۆر، 530 ملیۆن مەتر سێجا بوو، تا ئێستا گەیشتووەتە 404 ملیۆن پێ سێجا، واتا 76% چاوەڕێ دەکەین تا چەند کاتژمێرێکی دیکە دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە."
کەمال محەممەد ساڵح سوپاسی هەردوو وەزارەتی کارەبا و نەوتی عێراقی کرد و گوتی، "دوێنێ شەممە، 29ـی تشرینی دووەم، یەکەم کاروانی غازی ماڵان لە لایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا و بەسەر شارەکاندا دابەش کرا، تیرۆریستان دەیانویست لە ڕێگەی بە ئامانجگترنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کێشە بۆ غازی ماڵانیش دروست بکەن، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا توانیمان شکست بەو پلانە بهێنین."
وەزیری کارەبا دووپاتی کردەوە "لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق و ئەندامێتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکەن و ئەمجارە، هێرشەکە بە ئاسانی تێپەڕنابێت و پێویستە، هێرشکاران ئاشکرا بکرێن و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە."
ناوبراو، جەختی لە پێویستیی دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دژە درۆن بۆ كێڵگەی کۆرمۆر کردەوە و ڕایگەیاند، "کۆمپانیای دانە گازیش کە لەو کێڵگەیەکار دەکات، هەمان داواکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی هەیە. ئێمە ئەو بابەتەمان لەگەڵ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان باس کردووە و ئەمجارە حکوومەتی عێراقیش بە جیددی هاتوونەتە سەرهێڵ."




