٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جندیانی بۆ KDP: مەبەستی سەرۆک بارزانی ئەوەیە ئاشتی و سەقامگیری جێی شەڕ بگرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد پێی وایە، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لە جەزیرە بۆ ئەوە بووە تا خەڵکی جەزیرە و دەوڵەتی تورکیا و لایەنەکان ھان بدات پاشەکشە لە پرۆسەی ئاشتی نەکەن، دەشڵێ "سەرۆک بارزانی زۆر خۆشحاڵە بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا." 

ئازاد جندیانی، سیاسەتمەداری کورد لەبارەی پەیامەکەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی لە سەرەتای پرۆسەی ئاشتییەوە دیاربووە، جەنابییان خۆشحاڵە بە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پشتیوان و ھاندەریش بووە بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەربگرێت، ئەوەی لەدەستیشی بێت لەپێناو بەرقەراربوونی ئاشتی و سەرگرتنی پرۆسەکە دەیکات."

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد گوتی، "پەیامی ئەمجارەی سەرۆک بارزانی لە جەزیرە بووە، چونکە جگە لە ڕووە ئەدەبییەکەی، جەزیرە مێژوویەکی درێژی لە کارەسات و قوربانیدان ھەیە، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لەسەر خاکی جەزیرە مانایەکی دیکە دەدات، پەیامەکەی لەبارەی ئاشتی بەھێزتر دەکات، چونکە بەداخەوە لە ڕابردوو کۆمەڵێک ڕووداوی ناخۆش و شەڕ لە جەزیرە ڕووی داوە، مەبەستی سەرۆک بارزانی لە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی ئەوەیە کە جارێکی دیکە ئەو کارەساتانە لە جەزیرە دووبارە نەبنەوە و ئاشتی و سەقامگیری جێی شەڕ بگرێتەوە."

ئازاد جندیانی ئاماژەی بۆ ئەوە شکرد، "پەیامی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی ھاندانی‌ خەڵکی جەزیرە، تورکیا، پەرلەمان و ھەموو لایەکان بوو تا پاشەکشە لە پرۆسەی ئاشتی نەکەن و پرۆسەکە سەربگرێت و کۆتایی بە ململانێ و کارەساتەکان بێت، بە ئاشتی و دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێن نەک بە شەڕ و ئاڵۆزی." 

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار