٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سینان جیفتیرک بۆ KDP: سەردانی سەرۆک بارزانی بووەتە مایەی دڵخۆشیی هه‌موو كوردستانیان

سەرچاوە: KDP.info

وان-KDP.info- سینان جیفتیرک، کەسایەتیی دیاری سیاسیی باکووری کوردستان دەڵێت، ھاتنی سەرۆک بارزانی بۆ باکووری کوردستان، بووەتە جێگەی دڵخۆشیی ھەموو خەڵکی ئێمە و پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، بۆیە دڵنیام ئەو سەردانە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبێت، کە سەرۆک بارزانی ھەنگاوی زۆر باشی بۆ ناوە و ئەو سەردانەشی ئەنجامی زۆر باشی دەبێت.

په‌یوه‌ست به‌ سه‌ردانی ئه‌مڕۆی سەرۆک بارزانی بۆ جەزیرەی بۆتانی و بەشداری كردنی لە چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی (مەلای جزیری)، سینان جیفتیرک، کەسایەتیی سیاسی و نوێنەری دەم پارتی لە وان، تایبه‌ت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ باکووری کوردستان و بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی مەلای جزیری لە شەرناخ، زۆر گرینگە و ئێستا لە باکووری کوردستان پرسی ئاشتی بەڕێوە دەچێت، کە سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا زۆر ھەنگاوی ئەرێنیی ناوە وپشتگیری دەکات و ھیوادارم ئەم سەردانە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا بە ئەرێنی بشکێتەوە و بێگومان کاریگەریی زۆریشی دەبێت.

سینان جیفتیرک هەروەها دەڵێ، ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی بووەتە جێگەی دڵخۆشیی گەلی ئێمە لە باکووری کوردستان و دڵنیام کاریگەریی زۆر ئەرێنیی لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەبێت، چونکە سەرۆک بارزانی ھەمیشە بە ھاتنی بۆ تورکیا خێری لەگەڵ خۆیدا ھێناوە و دەستپێشخەر بووە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەرکەوێت، کە دڵنیام لەو ھەوڵەی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی ئەنجامی باشی ھەبێت و ئێمەش دڵخۆشین بە ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی، بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێک لە بەرژوەندی گەلی ئێمەدا بێت، بۆیە ھاتنی سەرۆک بارزانی بۆ باکووری کوردستان، جێگەی خۆشحاڵیی ھەموو پارچەکانی کوردستانە نەک تەنیا باکووری کوردستان.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار