پەیامی پیرۆزبایی ڕاگەیاندنی پارتی بە بۆنەی ٣٢ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی زاخۆ

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی زاخۆ، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کارمەندانی ڕادیۆی زاخۆ کرد.
دەقی پەیامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بە بۆنەی (٣٢)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی زاخۆ
بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کارمەندانی ڕادیۆی زاخۆ
بەبۆنەی دامەزراندنی ڕادیۆی زاخۆ، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و گوێگرانی ھێژای ڕادیۆکەتان دەکەین و، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داھاتوو ھەنگاوی باشتر بنێن لە پێناو گەیاندنی ھەواڵ و زانیارییەکان بەشێوەیەکی پیشەییانە و دروست.
ڕادیۆی زاخۆ، یەکەم دەزگای ڕاگەیاندنە کە لە زاخۆ، لە سەر دەستی جەنابی (سەرۆک بارزانی) لە ساڵی (١٩٩٣) دامەزراوە و ڕۆڵ و جێدەستی دیارە لە کاروانی میدیای کوردی، ھەروەھا توانیویەتی ڕۆڵ و کاریگەریی خۆی بەرپرسانە و پیشەییانە بچەسپێنێت و، لە مامەڵەکردنی لەگەڵ کێشە و رووداوەکان و ڕەچاوی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بکات.
لەم بۆنەیەدا پشتیوانیی زیاتری خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی ڕادیۆی (زاخۆ) دووپات دەکەینەوە و ھیوادارین لە گەیاندنی پەیامی ڕاستگۆیی و خزمەتکردن بە بواری ڕاگەیاندنی کوردی وەک مینبەرێکی ئازاد و پیشەیی بمێننەوە.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥




