تریفە عەزیز بۆ KDP باس له بەرەوپێشچوونی پەیوەندیهكان و كردنهوهی کۆنسووڵخانەی ئەمەریکا دهكات

واشنتۆن-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندیی هەولێر و واشنتۆن بەردەوام لە بەهێزبووندایە و هەماهەنگییەکەش لە ڕووی ئاسایش و ئابوورییەوە ڕەنگی داوەتەوە. دەشڵێ، ئەمەریكا گەورەترین باڵیۆزخانەی خۆی لە هەولێر دەكاتەوە.
تریفە عەزیز، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا، له لێدوانێكی تایبهتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، لە ئیدارەی سەرۆک ترەمپ گرنگیی زیاتریان پێ دراوە و پێشکەوتنی زۆر باشیشیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەمەش بە بوونی هەماهەنگییەکی قوڵتر لە بوارەکانی ئاسایش و فراوانبوونی هاوبەشیەتیی ئابووری، کە بە ڕوونی لە بەشدارییە بازرگانییەکانی نێوانیاندا ڕەنگی داوەتەوە، دوو مانگ بەر لە ئێستا یەکەمین شاندی بازرگانی بە سپۆنسەری حکوومەتی ئەمەریکا هاتە کوردستان، کە پێکهاتبوو لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکی، هەروەها سەردانی شاندی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکی بۆ کوردستان گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، کە ئەم سەردانانە بوونە هۆی زیاتر بەهێزترکردنی پەیوەندیی فراوان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە تەواوی بوارە ئابوورییە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
تریفە دەڵێ، ئەم بەرەوپێشچوونانە لە کاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەورەترین کۆنسووڵخانەی خۆی لە جیهاندا لە شاری هەولێر دەکاتەوە، ئەمەش نیشانەی فراوانبوونی پێگەی سەرەکیی دیپلۆماسیی واشنتۆن و ڕەنگدانەوەی وەبەرهێنانی درێژخایەنە لە داهاتووی سەقامگیری و ئاسایش و ئابووریی ناوچەکەدا، کە ئەم دامەزراوەیە پشتگیرییەکی قووڵتر دەکات لە هەماهەنگی لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بازرگانی و وزە و پەرەپێدانی ئابووری، لە هەمان کاتدا بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان.
ناوبراو زیاتر ڕوونی دەکاتەوە، سەردانی مایکل ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان بۆ کوردستان، دەرخەری زیاتری پابەندبوونەکانی واشنتۆنە بە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی لە بەرەوپێشبردنی ئامانجە هاوبەشەکانی سیاسەتی ئەمەریکا-عێراق. سەردانەکەی بەڕێزیان دوای سەردانە بازرگانییەکانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە ماوەی ڕابردوودا دێت، بەتایبەتی سەردانی شاندی ژووری بازرگانیی ئەمەریکی و ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکا-کوردستان، کە سەردانی ئەم شاندانە، ئاماژەیە بۆ بەشدارییە گرنگەکانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
"سەرۆکوەزیران ڕێزدار مەسروور بارزانی پێشوازی لە کردنەوەی باڵاخانەی تازەی کۆنسووڵخانەی ئەمەریکا کرد وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ بەهێزی و پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا-کوردستان، کە بێگومان حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێزانینی هەیە بۆ بەشدارییەکانی ئیدارەی ئەمەریکی و فراوانبوونی هەماهەنگییەکان لە ڕووی فراوانبوونی وەبەرهێنان و بازرگانی و ئابووری". تریفە وای گوت.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن بەردەوام دەبێت بۆ لەنزیکەوە کارکردن لەگەڵ ئیدارەی سەرۆک ترەمپ و ئەندامانی کۆنگرێس و کەسایەتییەکان و داڕێژەرانی سیاسەت بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە هاوبەشەکان، لەنێوانیاندا بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئاسایش، فراوانکردنی هاوبەشیەتیی ئابووری و پشتگیریکردن لە بەشداریی فراوانتری ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
عەزیز ڕەسووڵ




