بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئامانجی دەستپێکردنی ئەو قۆناغە نوێیەیان بۆ KDP دهخاتهڕوو

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، قۆناغی کرداریی ڕیفۆرم لە پۆلیس بە هەماهەنگی و بەشداریی پۆلیسی ئەورووپی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستی پێکرد. دەشڵێ، لەم قۆناغەدا کار لە پێناو دروستکردنی پردی متمانە و ڕێز لە نێوان پۆلیس و هاووڵاتییاندا دەکەین.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر (عەمید کامل بەرزنجی)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، قۆناغی کرداریی ڕیفۆرم لە پۆلیس بە هەماهەنگی و بەشداریی پۆلیسی ئەورووپی لە سنووری پارێزگای هەولێر لە بنکەی پۆلیسی کەسنەزانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان دەستی پێکرد.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، پەیوەست بە ئامانجەکانی دەستپێکردنی ئەو قۆناغە نوێیە، ئەوەی خستەڕوو، لەم قۆناغە کردارییەدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ راوێژکارانی دەستەی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا (EUAM) و بەڕێز "رۆندک فارس" بەڕێوەبەری ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، کار لە پێناو دروستکردنی پردی متمانە و ڕێز لە نێوان پۆلیس و هاووڵاتییان و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتیاندا دەکرێت.
(عەمید کامل) هێمای بۆ ئەوەش کرد، بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتی بە دامەزراوەی پۆلیس و بایەخدان و دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو و تۆکمە لەگەڵ هاووڵاتیان و چەسپاندنی بنەماکانی مافی مرۆڤ، لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆیە.



ئومێد بابان




