٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆژەی درووستکردنی پردی چەمێ کرایەوە و پێشکەش بە هاووڵاتیان کرا

سەرچاوە: KDP.info

مێرگەسۆر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە گوندی چەمێ سەر بە قەزای مێرگەسۆر، لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێز مەلامستەفا بارزانی و بەڕێز خالد خۆشناو و بەرپرسانی ئیداری، حزبی و ژمارەیەک لە کەسایەتی و هاووڵاتیانی دەڤەرەکە پڕۆژەی درووستکردنی پردی چەمێ دوای کۆتایی هاتن بەکارەکانی کرایەوە و پێشکەش بە هاووڵاتیان کرا.

لە ووتارێکدا بەڕێز مەلامستەفا بارزانی زۆر بە گەرمی سوپاس و دەستخۆشی تایبەتی بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی ئاراستەی بەڕێز خالد خۆشناو کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی درووستکردنی (پردی چەمێ) کە بە هەستێکی نیشتیمانپەروەرانە ئەرکی جێبەجێکردن و تێچووی ئەم پڕۆژەیەی لە ئەستۆ گرتبوو و پێشکەشی خەڵکی خۆڕاگر و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەڤەری بارزانی کرد.

بەڕێزیان ئاماژەی بە گرنگی ئەم پڕۆژەیە کرد کە سەرەڕای ئەوەی کار ئاسانی بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان دەکات، لە هەمان کاتدا هاووڵاتیانی دەیان گوندی سەر بە قەزای مێرگەسۆر لێی سوودمەند دەبن، جگە لە ئەو هاووڵاتیانەی کە بەم ڕێگه‌یەدا گەشت دەکەن بۆ وڵاتی تورکیا، بۆیە  دووبارە بە ناوی خۆی و  هاووڵاتیانی دەڤەری بارزان سوپاس و دەستخۆشی تایبەتی ئاراستەی بەڕێز خالد خۆشناو کرد بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە.

جێی باسە پردی چەمێ درێژیەکەی ١١١ مەترە و پانییەکەی ٢١ مەترە، جیا لە درووستکردنی پردەکە، ڕێگه‌کە لە هەردوو لای پردەکە بە درێژی زیاتر لە ٢ کیلۆمەتر بە شێوەیەکی سەردەمیانە و بەپێی ستانداردە ئەندازیاریەکان درووستکراوە و لە ماوەی ٣ مانگ کارکردن تیایدا تەواو بووە.

هەروەها بەڕێز مەلامستەفا بارزانی لە درێژەی ووتارەکەیدا مژدە و مزگێنییەکی گەورە و دڵخۆشکەری بۆ خەڵکی ئازیزی سنووری قەزای مێرگەسۆر ڕاگەیاند، کە لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی و بە بڕیاری ڕێزدار جەنابی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی دراوە بۆ بە دووساید کردنی ڕێگه‌ی سەرەکی نێوان ( سۆران – مێرگەسۆر ) کە لە دەروازەی (گەلی عەلی بەگ – سۆران ) دەستپێدەکات تا دەگاتە پردی چەمێ لە سنووری ناحیەی شێروان مەزن، بە جێبەجێبوونی ئەم پڕۆژەیە دانیشتووانی تەواوی ئەو گوند و شار و شارۆچکانەی کە دەکەونە سەر ئەو ڕێگه‌یە وەک (باڵەکیان _ هاودیان و تەواوی هاووڵاتیانی سنووری قەزای مێرگەسۆر) لێی سوودمەند دەبن.

هەواڵی پەیوەندیدار