زیبا تەھا بۆ KDP: ھەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان گوتی، لە ھەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی توندوتیژی دژی ئافرەتان سەدان سمینار و پانێل و وۆرکشۆپ و گفتوگۆی کراوەمان دەبێت، پڕۆژەیەکیشمان بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو ئافرەتانەی بێ پاڵپشتین بۆ دابینکردنی پارێزەر لەڕووی یاسایی کەوتە بواری جێ بەجێکردنەوە."
پهیوهست به ھەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی توندوتیژی دژی ئافرەتان له ههرێمی كوردستان، زیبا تەھا، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، "لە ھەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پڕۆژەی ڕێکخراوەکەمان بەناوی (پەناوار) کە ڕاستەوخۆ بۆ پشتیوانیی یاسایی بۆ ئافرەتان بە ھاوبەشی ژمارەیەک پارێزەری خۆبەخش جێبەجێ دەکرێت، کە بەشێکە لە پڕۆژەی ئێمە، ئەوان ھاوبەشیمان دەکەن، پڕۆژەکەش خۆی لە ئەستۆگرتنی کەیسی یاسایی ئەو ئافرتانەیە کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و بەھۆی نەبوونی سەرچاوەی داھات ناتوانن پارێزەر بۆخۆیان دابین بکەن بۆ بەدەستھێنانی مافەکانیان، بۆیە سوپاسی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، وەزارەتی ناوخۆ، دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەولێر و بەرێوبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزانیی ھەولێر دەکەین کە پاڵپشتی پڕۆژەی ئێمەیان کرد و ھاوکاربوون بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دیدگای سەرۆکی حکوومەتە، بۆیە ئێمە پشتیوانین و تەواوکەری کارنامەی حکوومەتین."
زیبا تەھا گوتیشی، "ئەو پڕۆژەیە ئێستا لە ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و لە ئایندەیەکی نزیک شارەکانی دیکەش دەگرێتەوە، سوپاسی پارێزەران دەکەم و داواکارم پارێزەری دیکەش بێنە ناو پڕۆژەی ئێمە، بۆ ئەوەی فراوانتر بێت و بتوانین تابلۆیەکی جوان لە کاری پێکەوەیی بخەینە ڕوو و ببینە پشتیوانی ئەو ئافرەتانەی بێ پشتیوانن."
سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دهشڵێت، "لە ھەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، سەدان سمینار، دەیان پانێل، گفتوگۆی کراوە و وۆرکشۆپ لەلایەن یاساناس، دەرونناس، ماف ناسان و کۆمەڵناسان بەڕێوە دەچێت، لە سەنتەری شارەکان و پارێزگاکانەوە شۆڕدەبێتەوە بۆ ھەموو ناوچەکان، ناحیە، گوندەکان و کەمپەکان، بۆ ئەوەی لەڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتی ھۆشیار بکرێنەوە، لەڕێگەی ڕاگەیاندنیش سەدان ڤیدیۆ، فلێکس، پۆستەر و بەیاننامە بڵاو دەکرێنەوە، گۆڤار و بڵاوکراوەکانی یەکێتی ئافرەتانیش تایبەت دەکرێن بەو هەڵمەتە، هاوکات بەرنامەی تایبەتی ڕادیۆیی لە ڕادیۆی ھێلین بەڕێوە دەچێت، بۆیە لەو ماوەیە ھەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە بۆ زیاتر ھۆشیارکردنەوەی خەڵکی خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان."
بڵند ئیبراھیم




