مەسرور بارزانی پشتیوانی حکوومەتی هەرێم بۆ كونسوڵى گشتیى نوێى ئیمارات دووپات دەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هه‌موو پشتیوانییه‌كى حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركی كونسوڵى گشتیى نوێى ئیمارات دەربڕی، کونسوڵی ئیماراتیش ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرد.
ئه‌مڕۆ سێشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی لە ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لشحی، كونسوڵى گشتیى نوێى ئیمارات له هه‌رێمى كوردستان کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت وێڕاى پیرۆزبایى بە بۆنەی ده‌ستبه‌كاربوونی، ئاماژەی بە پەیوەندیی تایبەت و لەمێژینەی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیمارات کرد و هه‌موو پشتیوانییه‌كى حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى دەربڕی.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، كونسوڵى گشتیى ئیمارات لە دیدارەکەدا، خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان نیشان دا و سڵاو و ڕێزی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان و شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئیماراتی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرد.




