هوشیار سیوەیلی پێشوازی لە کۆنسووڵی گشتیی دەوڵەتی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان کرد

هەولێر-KDP.info- لە دیداری نێوان بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆنسووڵی گشتیی فەلەستیندا، گفتوگۆ سەبارەت بە پێشهات و بژاردەکانی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ کرا.
هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز (د. ماهر الکرکی)، کۆنسووڵی گشتیی دەوڵەتی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرەتا، بەڕێز باڵیۆز الکرکی پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنەی لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵدا بەدەستیان هێنا.
لەمیانەی گفتوگۆ لەسەر پێشهات و بژاردەکانی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی فیدراڵ، بەڕێزیان هیوای خواست لە ماوەیەکی نزیکدا حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان پێک بهینرێت و بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، نیگەرانیی خۆی بۆ دۆخی گەلی فەلەستین بەگشتی و غەززە بەتایبەتی دەربڕی و ئومێدی کۆتاییهاتنی ئەو بارودۆخەی خواست.
هوشیار سیوەیلی، هەروەها باسی لە دوایین بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و خواستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و نەهامەتییەکانی غەززە کرد.
باردۆخی ناوچەکە و عێراق و ئەو فەلەستینیانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و دەخوێنن، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو و بەڕێز سیوەیلی دووپاتی پاڵپشتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆیان کردەوە، تاکو بتوانن بە ئارامی و سەربەرزانە خوێندن تەواو بکەن و پاشان بتوانن خزمەت بە گەل و وڵاتی خۆیان بکەن.





