٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری ناوخۆ: هەنگاوی کرداریمان ناوە بۆ ڕێگریکردن لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا، دەستپێکردنی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتانی ڕاگەیاند و گوتی، بەشێک لە ئافرەتان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕووی گێچەڵ و هەڕەشە دەبنەوە و ئێمەش هەنگاوی کرداریمان ناوە، بۆ سنووردارکردن و ڕێگریکردن لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دژ بە ئافرەتان.

ڕۆژی 25ی تشرینی دووەم لەساڵی 1999ەوە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەک ڕۆژی نیشتیمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژ بەژنان دیاری كراوە، لە هەرێمی كوردستانیش ساڵانە بۆ ماوەی 16 ڕۆژ هەڵمەتێكی نیشتمانی ڕادەگەیەنرێت، لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دەستپێکی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان، ڕایگەیاند، "بەشێک لە ئافرەتان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕووی گێچەڵ و هەڕەشە دەبنەوە، وەک هەڕەشە و ترساندن بە بڵاوکردنەوەی وێنە و بابەت و زانیاری تایبەت، فشاری دەروونی لەسەر ئێستا و ئایندەیان دروست دەکات.

وەزیری ناوخۆ باسی لەوەشکرد، کاریگەریی تووندوتیژی دیجیتاڵی لە کاریگەری تووندوتیژی جەستەیی کەمتر نییە، بەڵکو ترس و زیانی ڕاستەقینەی لێ بەرهەم دێت، بۆیە وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ بە ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆمان دەزانین کە ئافرەتان و کچان لەو جۆرە سوکایەتییە بپارێزین.

وەزیری ناوخۆ دووپاتی کردەوە، سەرمایەگوزاریی گرینگ لە پەرەپێدانی تواناکانی پۆلیس لە بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی تاوان کراوە، ئامێر و تەکنەلۆژیای سەردەمیانەی خستووەتە کار بۆ دۆزینەوەی تاوانبارانی ئەلیکترۆنی.

 لەگەڵ دادگاکان و دادوەرانیش کارمان کردووە، بۆ ئەوەی بەڵگەی دیجیتاڵی بەشێوەی دروست کۆ بکەنەوە و تاوانباران لە بەرپرسیارییەتی ڕانەکەن، لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی دیکەش هەنگاوی کرداریمان ناوە، بۆ سنووردارکردن و ڕێگریکردن لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دژ بە ئافرەتان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار