د. ھێمن ھەورامی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی تورکیا کرد

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر کرد، لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناوخۆ و عێراق و ھەڵوێست و بۆچوون و سیاسەتی پارتی لەسەر گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم شیکرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥-١١-٢٠٢٥، د.ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە ئێرمان تۆپچو کونسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر کرد.
کونسوڵی گشتی تورکیا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و ھیوای خواست ھەرێمی کورستان و عێراق پاش ھەڵبژاردنەکان پێشکەوتن و سەقامگیری زیاتر بە خۆوە ببینن.
ھاوکات ھێمن ھەورامی لەبارەی ھەنگاوەکانی دوای ھەڵبژاردن، ھەڵوێست و سیاسەت و بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ کونسوڵی تورکیا ڕوونکردەوە بەوەی کە پابەند بوون بە دەستوور و ھێنانەکایەی ڕاستەقینەی پرەنسیپەکانی ھاوسەنگی و ھاوبەشی و سازان و کاتبەندی و گەرەنتی جێبەجێکردنی دەستوور، ھەروەھا بنەمای نەخشە ڕێگای کارەکانمان و گفتوگۆکانمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەبێت.
لەبارەی گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، ھەورامی جەختی لەوە کردوە کە پارتیمان بە پشوو درێژییەوە ھەموو ئاسانکارییەکی کرد تاوەکو پێش ھەڵبژاردنەکانی عێراق کابینەی دەیەم پێکبھێنریت.
بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی ڕاشیگەیاند ئەو ھەلومەرجەی پێش ھەڵبژاردنی عێراق ھەبوو ھەمان ئەو ھەلومەرجەی ئێستا نیە و سوورین لەسەر ئەوەی بە گفتوگۆ و بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن لایەنەکان پێکەوە کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنین.




