٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌یامى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له‌ ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیھانیی نەھێشتنی تووندوتیژیی دژی ئافرەتان لە پەیامێکدا بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان دووپات دەکاتەوە و دەڵێت: لە ھەوڵدان و کارکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەموو شێوازەکانی توندوتیژی و جیاکاری دژی ئافرەتان، بەردەوام دەبین.

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی:

لە ڕۆژی جیھانیی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا، پابەندیی نەگۆڕمان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە ئازادی و یەکسانی و شکۆی مرۆیی تیایدا سەروەر بێت، دووپات دەکەینەوە. لە ھەوڵدان و کارکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەموو شێوازەکانی توندوتیژی و جیاکاری دژی ئافرەتان، بەردەوام دەبین.

بە ڕێزەوە یادی ھەموو ئەو ئافرەتانە دەکەینەوە کە بەھۆی توندوتیژییەوە گیانیان لەدەست دا و ھاوسۆزیی قووڵمان بۆ خێزانەکانیان دەردەبڕین. دڵنەوایی بۆ خێزانەکانیان تەنھا بە بەدیھێنانی دادپەروەری و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە و بنیاتنانی ژینگەیەکی ئارام دەبێت کە پارێزگاری لە ھەموو ژنێک بکات لە ھەر پێگە و بارودۆخێکدا بێت.

پاراستنی مافەکانی ئافرەتان کۆڵەکەیەکی سەرەکیی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، دادپەروەر، پێشکەوتوو و ئارامە بۆ ھەمووان. بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان پێویستی بە ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ، یاسای تۆکمە و جێبەجێکردنیان و ھۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی ھەیە کە ڕێز لە ئافرەت بگرێت و پشتیوانی لە بەشداریکردنی فراوانی لە ژیانی سیاسی و کارگێڕی و ئابووریدا بکات.

داھاتووی کوردستان، پەیوەستە بە تواناسازیی ئافرەتان و بەھێزکردنی بەشداریکردنی کارایان لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا. بە ھەموو ھێز و پێداگرییەوە پابەند دەبین بە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، بیری توندڕەوی، پاراستنی ماف و ئازادییەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە تیایدا ھەموو ئافرەتێک پارێزراو، ئازاد و بەتوانا بێت بۆ بەدیھێنانی خەون و ئامانجەکانی.

لەگەڵ ھەموو دامەزراوە و لایەنە فەرمییەکان لە ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام دەبین بۆ بەھێزکردنی پاراستنی یاسایی، فراوانکردنی بەرنامەکانی تواناسازیی ئابووری و پەرەپێدانی بەشداریکردنی ئافرەتان لە پێگەکانی بڕیاردان و مسۆگەرکردنی بنیاتنانی ژینگەی کار و کۆمەڵگەیەک کە دوور بێت لە گێچەڵ و توندوتیژی و جیاکاری.

سڵاو لە ھەموو ئەو ئافرەتانەی خەبات بۆ مافەکانیان دەکەن، ھەروەھا لە چالاکوانان و کارمەندانی بواری بەرگریکردن لە ژنان و ھەموو ئەوانەی لە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی بەھاکانی یەکسانیدا بەشدارن. ھەروەھا ڕۆڵی گەنجان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، قوتابخانە و زانکۆکان، لە بڵاوکردنەوەی کولتووری ناتوندوتیژی و ڕێزگرتن لە بەرامبەر، بەرز دەنرخێنین.

با ھەموومان پێکەوە بەردەوام بین لە کارکردن لەپێناو کۆمەڵگەیەکی بێ توندوتیژی، بێ ترس و بێ جیاکاریدا.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار