ڕێزلێنانی ڕاگەیاندنی پارتی پێشکەشی پڕۆفیسۆر د. ڕەشاد میران کرا

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ـی ١١ـی ٢٠٢٥ د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بە یاوەری شاندێکی بەش، بە مەبەستی پیرۆزبایی و ڕێزلێنان سەردانی پڕۆفیسۆر د. ڕەشاد میران ـی کرد بە بۆنەی بەدەستھێنانی خەڵاتی پوشکین لە وڵاتی ڕووسیا.
لە ڕێوەڕەسمێکدا چەپکە گوڵ و ڕێزلێنانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی پێشکەشی پڕۆفیسۆر د. ڕەشاد میران کرا و لە لێدوانێکدا د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئاماژەی بە گرنگیی خەڵاتەکە کرد و گوتی: ئێمە لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێز پ.د. ڕەشاد میران دەکەین و، وەرگرتنی ئەم خەڵاتە بەدەستکەوتێکی مەزن دادەنێین بۆ ئەدەبیاتی کوردی و بواری توێژینەوەی کۆمەڵناسی و ئیتنۆگرافیا.
لە درێژەی قسەکانیدا دکتۆر سالار گوتی: ئەو پەیوەندییە دێرینەی نێوان وڵاتی ڕوسیا و بزاڤی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستان بۆ سەردەمی داستانی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس و چوونی ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد و کوردستان مستەفا بارزانی بۆ وڵاتی ڕووسیا دەگەڕێتەوە.
شایانی باسکردنە، میدالیای پوشکین لەساڵی ١٨٨١ وەک ڕێزلێنان لە ئەلێکسەندر سێرگیچ پوشکین، شاعیرو نووسەری گەورەی ڕووس، لە لایەن ئەکادیمییەی ڕووسیاوە داھێنراوە و ساڵانە دەبەخشرێتە نووسەر و ئەدیب و ھونەرمەند و زانایانی بواری ئیتنۆگرافیا. لەوەتەی کۆشکی کرێملین لەساڵی ١٩٩١وە بریاری بەخشینی ئەو خەڵاتەی بە ئەدیب نووسەران و زانایانی دەرەوەی وڵاتی ڕووسیا داوە، پ.د. ڕەشاد میران، یەکەمین نووسەر و زانای بواری کۆمەڵناسی کوردناسییە ئەم خەڵاتەی وەرگرتبێ. بەڕێزیان خاوەنی زیاتر لە ٣٠ کتێب و توێژینەوەی زانستی بوارەکانی کۆمەڵناسی و ئیتنۆگرافیا و کوردناسی و وەرگێڕانە، ھەروا سەرپەرشتی چەندین نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرای کردووە.





