٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووەتە پردێكی متمانە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی (دەزگای میرۆ)ی فەرەنسی کە پێکھاتبوون لە (ماری ئەنگێل بەڕێوەبەری نێودەوڵەتی و تاقیگە، جۆزێت پیلێت بەرپرسی بەشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و خەمان ئەسعەد نوێنەری ڕێکخراوەکە لە ھەرێمی کوردستان)، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣٤ی١١ی٢٠٢٥ سەردانی سەرۆکایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کرد و لەلایەن موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. 

مەبەست لەو سەردانە ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران و برەودان بە کاری مرۆیی لە ھەرێمی کوردستان بوو. شاندی میوان کار و چالاکییەکانی دەزگایان لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو بەرز نرخاند. لەلای خۆیەوە سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای سوپاسکردنیان تیشکی خستەسەر ڕەوشی پەنابەر و ئاوارەکان و باسی دابینکردنی پێداویستییەکانیانی کرد. ھێمای بۆ ئەوەش کرد کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووەتە پردێکی متمانە لەنێوان کەسایەتییە جیھانی و مرۆیی و خێرخوازییەکان و کەسانی نیازمەند لە ئاوارە و پەنابەر و خەڵکی خۆجێیی و کاردەکات بۆ ئەوەی ژیانێکی شەرەفمەندانەیان بۆ دابین بکات.

شاندی میوان ھاوکات سەردانی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە ھەولێریان کرد و لەلایەن د. ڕەوشت ڕەشید ڕاوێژکاری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازییان لێکرا. 

بڕیار وایە لە داھاتووی نزیک ھەر دوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای میرۆ پڕۆژەی ھاوبەش لە بواری دەرووندروستی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، بە تایبەتی بۆ پەنابەر و ئاوارە و ئێزدییەکان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئەو کەسانەی کە نیازیان بە چارەسەری دەروونی ھەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار