هێمن ههورامی و کونسوڵی گشتی چین بیروڕایان لە بارەی دۆخی سیاسی ناوچەکەوە ئاڵوگۆڕ کرد

پیرمام-KDP.info- دكتۆر هێمن ههورامی و لیۆ جیۆن بیروڕایان لە بارەی دۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و سیاسەتی پارتی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دامەزراوەکانی عێراق و پڕۆسەی سیاسی ئاڵوگۆڕ کرد.
دكتۆر هێمن ههورامی، ئهندامی مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، پاشنیوەڕۆی ئهمڕۆ دووشەممە ٢٤ ی ١١ ی ٢٠٢٥ لە پیرمام پێشوازیمان لە بەرێز لیۆ جیۆن کونسوڵی گشتی چین و شاندی یاوەری کرد، کونسوڵی چین بە ناوی حکوومەتی چین و پارتی کۆمۆنیستی چین پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەی پارتی کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە مێژووییەی لە دوایین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە دەستی ھێنا بە تایبەت کە توانرا زیاتر لە ملیۆنێک و سەد ھەزار دەنگ بەدەست بھێنێت.
دكتۆر هێمن ههورامی وێڕای سوپاس و پێزان بۆ ئەم پیرۆزباییەی حکوومەتی چین و پارتی کۆمۆنیستی چین، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بەرێزیان دەربڕی.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بیروڕایان لەسەر دۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد. لە بارەی سیاسەتی پارتی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دامەزراوەکانی عێراق و پرۆسەی سیاسی، جەختیان لەو نەخشە ڕێیە کردەوە کە سەرۆک بارزانی لە دەستپێکی ھەڵمەتی بانگەشە و دواتریش لە وتارەکانیدا دووپاتی کردۆتەوە بەوەی کە دەبێت گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بنەمای سەرەکی بێت، ھەروەھا جەختیان لەوە کردەوە کە بنەمای دەستووریش ھاوسەنگی و سازان و ھاوبەشییە.
هاوكات ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی ناوخۆ و دووپاتیان کردەوە کە ئەو ھەل و مەرجەی پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ھەبوو بە دڵنیاییەوە دوای ھەڵبژاردن وەک خۆی نەماوە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە سەر بنەمای ئەم ھەل و مەرجە نوێیە دەبێت.
بەھێزترکردنی پەیوەندییەکان تەوەرێکی دیکە بوو و بۆ زیاتر بەھێزتر کردنی پەیوەندییەکانی هەردوولاش وا بڕیارە لە مانگی داھاتوو شاندێکی باڵای سیاسی و دیپلۆماسی چین سەردانی ھەولێر بکات.




