بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ ئامانجی پڕۆژەی ستراتیژی و کلتووری شین بۆ KDP دەخاتەڕوو

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتی ئەوروپا، پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ پێنج ساڵ ئامادەکردووە، لەم پڕۆژەیە دەمانەوێ لە ڕێگەی خول و ڕاھێنان کلتووری پۆلیس لە ھێزەوە بگۆڕین بۆ ڕێزگرتن.
ڕۆندک فارس، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە وەزارەتی ناوخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پڕۆژەی ستراتیژی و کلتووری شین، پڕۆژەیەکی ستراتیژی وەزارەتی ناوخۆیە، بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتی ئەوروپا، لەڕێگەی ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ ئەفسەر و کارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خول و ڕاھێنانی ئەو ستراتیژییەیان بینیوە."
بەڕێوەبەری ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن گوتیشی،"ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە گۆڕینی کلتووری ھێزی پۆلیسە بۆ ڕێزگرتن، واتە متمانەی زیاتری ھاووڵاتییانە بە پۆلیس، ئامانجی سەرەکیمان بەھێزکردنی پردی پەیوەندی نێوان خەڵک و پۆلیسە، تا بتوانین لەڕێگەی ئەو متمانەیەی خەڵک بە پۆلیسی ھەیە، ڕێژەی تاوانەکان کەمبکەینەوە، بۆ ئەوەی سەقامگیری ھەرێمی کوردستان بەردەوامبێت و بچێتە قۆناغێکی دیکەی مۆدێرنەوە، بەتایبەت لە پەیوەندی نێودەوڵەتی."
ڕۆندک فارس ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "پڕۆژەکە بەردەوامە، ئێستا قۆناغێکی گرنگی بڕیووە، ئەویش ئامادەکردنی چەند ڕاھێنەرێکی ناوخۆیە، ئەو ڕاھێنەرانە ئەفسەری باڵای سەرجەم دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانن، بەشێوەیەکی ئەکادیمی ئامادەکراون، ئەو ڕاھێنەرانەش خول بۆ سەرجەم بنکە و دامەزراوەکانی پۆلیس دەکەنەوە.
قائید میرۆ




