٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاووڵاتیان بۆ KDP: زۆر هۆکار هەبوون بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ مه‌زنه‌ی پارتی

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- دوای سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەدەستهێنانی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، پارێزەران، چالاکوانان و هاووڵاتیان ئەم سەرکەوتنە بە نیشانەی متمانەی خەڵک بە حوکمڕانیی بەرپرسیارانە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەم دەزانن. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەنگدان بە پارتی، دەنگدان بووە بە ئاسایش، خۆشگوزەرانی و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.

ئاڵا تاهیر حوسێن، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بێگومان پارتی لە ڕابردوو و ئێستادا سەلماندوویەتی کە خەمخۆری گشت مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانە. ئەوەی لە مێژوو بۆمان ماوەتەوە کەوا کێ کوردستانی گەیاندووە بەم ڕۆژە، هەر ئەو پێشمەرگانە بوونە کە گیانیان بەخت کردووە لە پێناوی خاک و نیشتمان، کە ئەوانیش لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و قوتابیی قوتابخانەی بارزانیی نەمر بوونە. پارتی نەک تەنیا بە قسە، بەڵکو بە کردار سەلماندوویەتی هەم لە ڕابردوو و هەم لە ئێستاشدا کەوا چی کردووە بۆ گەلی کورد. بێگومان ئەم دەستکەوتەی ئێستاش کە بەدەستی هێناوە، نیشانەی متمانەی زۆری خەڵک و دڵسۆزیی میللەتی کوردە، کە دەیبینن بێجگە لە پارتی هیچ حیزبێکی تر ناتوانێت بەم شێوەیە خزمەتی میللەتەکەی و وڵاتەکەیان بکات.

هەر لەم بارەیەوە، هەمزە عەبدوڵڵا، چالاکوانی سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە ڕوانگەی منەوە، زۆر هۆکاری ئەرێنی هەبوون بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ مه‌زنه‌ی پارتی، ئەم سەرکەوتنە مەزنە لە سایەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی کاک مەسروور بارزانییە، کە خۆی لە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگدا دەبینێتەوە، بە تایبەت پڕۆژەی ڕووناکی، دروستکردنی چەندین بەنداوی ئاو، گرنگیدان بە بواری کشتوکاڵی، دروستکردنی سیستەمی بانکی لە ڕێگەی 'هەژماری من'، وەبەرهێنان لە گشت سێکتەرەکان، پشتێنەی سەوزکردنی هەولێر و پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە گشت شار و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستان.

لەلایەکی دیکەوە، فوئاد سەعید، پارێزەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "چەند پیلانێک دژی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد جێبەجێ کراون بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێم، چ لە ڕێگەی خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی دەستوور و دانانی یاسایەکی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی چەند لایەنێک و بڕینی قووت و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هه‌مووانیش ئه‌وه‌ ده‌بینن، بۆیه‌ خه‌ڵكی ده‌نگیان به‌ پارتی دا و ویستیان پارتی دیموكراتی كوردستان به‌هێز بێ، ئه‌گه‌ر پارتیش به‌هێز بێت، ئه‌وا كوردستان به‌هێزه‌.

 

کرمانج فەتاح

 

هەواڵی پەیوەندیدار