ھەڵگورد نەجیب بۆ KDP: لە سۆران پەڵەی پڕۆژەی داوە و پێش سەری ساڵ تەواویان دەکەین

سۆران-KDP.info- ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە مەبەستی دڵنیاییدان لەوەی کە لە وەرزی باران و زستانیشدا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوام دەبن، لە لێدوانێکی تایبهتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی پڕۆژه بارانی له سۆران كرد و گوتی، ئەو پڕۆژانەی ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت و کارکردن تێیاندا بەردەوامە، پێکھاتوون لەم پڕۆژانە خوارەوە.
یەکەم: دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گوندەکانی (بادلیان، دێلزیان، باڵەکیان و برادۆست) لە سنووری ناحیەی دیانا لە قەزای ناوەندی سۆران.
دووەم: تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆ و شەقامەکانی (گەڕەکی بەختیاری، گەڕەکی وەستا ڕەجەب و گەڕەکی برادۆست لە قەزای ناوەندی سۆران). ھەروەھا دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامی ٢٠ مەتریی (گەڕەکی کۆڕەک).
سێیەم: پڕۆژەی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ ١٨ گوندی دۆڵی خەلان و بیاو لە سنووری ناحیەی سرێشمە لە قەزای خەلیفان و پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگە و شەقامە ناوخۆییەکانی گوندی ئالانە.
چوارەم: پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆ و چەند شەقامێک لە سەنتەری قەزای سیدەکان و دروستکردنی ڕێگەی گوندی بۆڵی، کە ڕێگەی چەندین گوندی لەسەرە بە درێژیی ١١ کم.
پێنجەم: دروستکردنی چەند قوتابخانەیەک لە سەنتەری قەزای سیدەکان و گوندەکانی دەوروبەری قەزاکە.
شەشەم: دروستکردنی چەند شەقامێکی ناوخۆیی لە ناحیەی پیران لە قەزای مێرگەسۆر.
حەوتەم: دروستکردنی پڕۆژەی شەقامی ٤٠ مەتریی سۆران.
ھەشتەم: بەردەوامیی پڕۆژەکانی ماستەرپلانی گەشتیاری لە گەلی عەلی بەگ.
- بەردەوامیی پڕۆژەکانی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانەکانی سۆران.
- پڕۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگەی گوندی پیرسوان لە سنووری قەزای ڕواندز.
ھاوکات ھەڵگورد شێخ نەجیب بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، "بەشێکی زۆری پڕۆژەکان لە قۆناغی تەواوبووندان و بڕیارمان داوە زۆربەی پڕۆژەکان پێش سەری ساڵ تەواو بکەین. بەھۆی گرفتی داراییەوە بەشێکی پڕۆژەکان وەستابوون، بەڵام بە پاڵپشتیی جەنابی سەرۆکوەزیران بەڕێز مەسروور بارزانی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بڕیاری دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ بەردەوامیدان و تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکان دراوە و خۆشبەختانە ئێستا بەردەوامین لە کارکردن."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەبارەی پڕۆژە تەواوکراوەکانیش زانیاری خستەڕوو، "ئەو پڕۆژانەی پێشتر تەواو کراون، بریتین لە: پڕۆژە ستراتیژییەکانی کاڤین گرووپ (بەرزەپردی دەروازەی سۆران، دووسایدی سپیلک - خەلیفان، فلکەی دیانا، دووسایدی ٣٠ مەتری). ھەروەھا دووسایدی حاجی ئۆمەران لە لایەن کۆمپانیای نۆرپ لایت تەواو کراوە. ھاوکات پردی چەمێ کە رێگەیەکەی دووسایدە ٪٩٥ی کارەکانی لەلایەن کۆمپانیای ھێمن گرووپ تەواو کراون.
لەبارەی دابینکردنی سووتەمەنییش، ھەڵگورد شێخ نەجیب گوتی، "لە سیدەکان، چۆمان، خەلیفان و مێرگەسۆر پڕۆسەی دابەشکردنی سووتەمەنی کۆتایی ھاتووە. ماوەی ٢ ڕۆژە لە قەزای ناوەندی سۆران و ڕواندز دەست بە دابەشکردنی سووتەمەنی کراوە.
ئەژین غەفار




