٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەنجان لە ڕێگەی KDPیەوە باسی نھێنیی سەرکەوتنی ھەمیشەیی پارتی دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- بەدەستھێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەک دەرئەنجامی متمانەی خەڵک بە پڕۆژە سیاسی و خزمەتگوزارییەکانی پارتی لێکدەدرێتەوە. ڕاگەیاندکاران و چالاکوانانی سیاسی و یاسایی جەخت لەوە دەکەنەوە کە پارتی بەھۆی ستراتیژی دوورمەودا، گرینگیدان بە گەنجان، و پاراستنی قەوارەی ھەرێم، توانیویەتی ببێتە جێگەی ئومێدی زۆرینەی خەڵکی کوردستان.

لانە محەممەد شەریف، کە گەنجێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان  باسی متمانەی خەڵکی کوردستان بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و دەڵێ، "متمانەی خەڵکی کوردستان بە پارتی لەسەر بنەمای داکۆکیکردنیەتی لە خاک و ئاڵای کوردستان، پاراستنی شکۆی تاکی کورد، و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکی داوە. ئەو بەڵێنانە خزمەتکردنی کەرتی تەندروستی، کشتوکاڵ، و دابینکردنی ئاو و کارەبای بەردەوام بۆ ھەموو شارەکانی کوردستان بێ جیاوازی لەخۆدەگرێت.

لانە شەریف جەختیشی کردەوە کە یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی پارتی ئەوەیە کە ھەمیشە لە سەنگەری بەرگریدا بووە بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان، بۆ ھەموولایەکیش دەرکەوت کە پارتی تاکە حزبە لەسەر ئاستی ھەرێم و ناوچەکە کە جێی متمانەی خەڵکە.

لەلایەکی دیکەوە، مریەم عەباس، پارێزەر، پێی وایە کە پارتی بەھۆی کۆمەڵێک پلانی تۆکمە و ستراتیژییەوە توانیویەتی ژمارەی دەنگدەرانی لە سەرتاسەری عێراقدا زیاد بکات، ئەو ئەم سەرکەوتنە بۆ گرنگیدانی پارتی بە توێژی گەنج و لاوان و ئەنجامدانی کۆمەڵێک پڕۆژەی ژێرخانی ئابووری دەگەڕێنێتەوە، کە ساڵانێکی زۆر بوو ھاونیشتمانیان چاوەڕوانی بینینی ئەم ئاستە لە پێشکەوتن بوون. مریەم عەباس ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی وەک تاکە حزب توانی بە تەنیا بچێتە کێبڕکێی ھەڵبژاردن و یەک ملیۆن دەنگ تێپەڕێنێت، لە کاتێکدا ھەموو حزبەکانی دیکە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتیدا بەشدارییان کرد.

ئوسامە نیعمەت، ڕاگەیاندنکار، دەڵێت پارتی زۆرترین گرینگی بە گەنجانی کوردستان دەدات و دەیانکاتە پێشەنگی ھەموو پێشکەوتنەکان. بە بڕوای ئەو، ئەو کۆمەڵە پڕۆژەیەی کە لە کابینەی نۆیەمدا لەسەر دەستی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی ئەنجام دران، وایکرد کە پارتی دەنگی خۆڵەمێشی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و بە دروشمی "کردمان" بچێتە کێبڕکێی ھەڵبژاردنەوە.

ئوسامە نیعمەت زیاتر دەشڵێت، ھەرچەندە ھەڵبژاردن پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە تاکتیکە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامە و کاری جیاوازتری ھەیە. بە سەیرکردنی مێژووی پارتی، دەردەکەوێت کە چۆن بەردەوام بووە لە پڕۆسەی دەوڵەتداری و بەرەوپێشبردنی دامەزراوەکان.

ئەو ڕاگەیاندنکارە پێشی وایە پارتی ئاراستەیەکی ڕوونی ھەیە بۆ بردنەپێشی وڵات بەرەو سەقامگیری، و خەڵکی کوردستانیش دەزانن کە پارتی ئەم بەرپرسیارێتییەی ھەڵگرتووە. نھێنیی سەرکەوتنی پارتی لەوەدایە کە لە ستراتیژی دوورمەودای خۆیدا، ھاووڵاتی و کوردستانیانی کردۆتە سەنتەری ھەموو بوارەکان. 

 

کرمانج فەتاح

هەواڵی پەیوەندیدار