٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆن بۆ KDP: ناعەدالەتییەکی زۆر لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان دەڵێ، یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناعەدالەتیی زۆری تێدایە و پێویستە ھەموار بکرێتەوە و لە ھەموو عێراق یەک بازنە ھەبێت و ڕێژەی دەنگدان بۆ ھەر کورسییەک وەکو یەک بێت.

دوای ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١١ی١١ بە یاسای نوێی هەڵبژاردن ئەنجام درا و دەنگ و کورسیی لایەنەکان دیاری کرا، بەڵام مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هەندێک لایەن بە ناعادیلانەیان لەقەڵەم دا.

لەمبارەیەشەوە، ھەندرێن محەممەد ساڵح، سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە یاسای فرەبازنەیی هەڵبژاردن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، یاسای هەڵبژاردن ناعەدالەتیی زۆری تێدایە، وەکو سەرۆک بارزانی باسی لێکرد، لە ھەندێک پارێزگا ١٠ ھەزار دەنگ کورسییەکە و لە ھەندێک پارێزگاش ٤٠ ھەزارە، بۆیە بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دەنگی ھاووڵاتی پێویستە ھەمووی وەکو یەک بەھای خۆی ھەبێت، بەڵام ئێستا لەو یاسایەدا بەو شێوەیە نییە و ٤٠ ھەزار کەس لە کوردستان بەرامبەر یەک کورسییە، بەڵام لە عێراق بە ١٠ ھەزار کەس کورسییەکە، بۆیە دەنگدەرێکی عەرەب ھێزی چوار دەنگدەری کوردی ھەبووە، ئەوەش ناعەدالەتییەکی زۆرە، چونکە پێویستە ھەر ھاووڵاتییەک لە پەرلەمان یەک ھێزی ھەبێت و لە ھەر پارێزگایەک ھەر کاندیدێک بە یەک جۆرە دەنگ بەسەرکەوێت، بۆیە ئێستا ھێزی دەنگی ھاووڵاتیان وەکو یەک نییە.

ناوبراو باس لەوەش دەکات، پێویستە ھاووڵاتی ئازاد بێت دەنگ بە کێ دەدات و یەک بازنەی ھەڵبژاردن ھەبێت وەکو ساڵی ٢٠٠٥ کە لە عێراق یەک بازنە ھەبوو و لە ھەموو پارێزگاکان لایەنەکان کێبرکێیان دەکرد، بۆیە بە بڕیارێکی سیاسی گۆڕانکاری لە یاساکە کرا و زانییان لە ھەرێمی کوردستان پڕۆسەی دیموکراسی کۆنترە و لە ساڵی ١٩٩٢ەوە ھەڵبژاردن لە ھەرێم دەکرێت و لە عێراق لە ٢٠٠٥ەوە، بۆیە کورسییان بۆ کورد داناوە و ناتوانن لەو کورسیانە زیاتر بێنن.

سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، پێویستە ئەو پێوەرە جیھانییە لەبەرچاو بگرن، چونکە پارتی بە زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ ژمارەیەک کورسی ھێناوە و لە عێراق لایەن ھەیە دەنگی زۆر کەمترە، کەچی کورسیی زیاتری ھێناوە، بۆیە پێویستە ئەمجارە ھەوڵ بدرێت و یوئێن بێتە سەر خەت و پێویستە یوئێن ئەمە قبووڵ نەکات کە خۆیان داوای ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد دەکەن، چونکە ئەرکی یوئێنە پێوەرەکان بپارێزن.

ناوبراو دەشڵێت، پێویستە ئەمجارە کورد فشاری زۆر بکات و یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە و لە عێراق ھەمووی یەک بازنە ھەبێت و ناکرێت چەند بازنەیەک ھەبێت و ھێزی دەنگدەر جیاواز بێت.


بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار