٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: مەرجی پارتی بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت جێبەجێکردنی دەستوورە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) لە دهۆک، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی گرنگ، لەوانەش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، دۆخی ئاشتی لە ناوچەکەدا، و بەشداریی لایەنە کوردستانییەکان لە کۆڕبەندەکەدا.

مەسروور بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس 2025 لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "گفتوگۆمان لەگەڵ چەند لایەنێکی براوەی هەڵبژاردن کردووە و هیوادارین بە زوویی حکوومەتی نوێی عێراق پێکبهێنرێت. دەشڵێت، "مەرجی ئێمە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق، جێبەجێکردن و پابەندبوونە بە دەستوور".

لەبارەی دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، مەسروور بارزانی گوتی، پارتی بە زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دەنگ، 27 کورسی بەدەستهێناوە، بۆیە هیچ هەوڵێک بۆ دەستکاریکردنی کورسی کۆتاکان قبووڵ ناکرێت، تازە ئەنجامەکە ڕاگەیێنراوە.

مەسروور بارزانی زیاتر ڕوونی دەکاتەوە، یاسای هەڵبژاردن دادپەروەری تێدا نەبووە، چونکە لایەنی دیکە هەیە بە 680 هەزار دەنگ کە دەکاتە نیوەی دەنگی پارتی، 27 کورسی بەدەستهێناوە، ئەوە کێشەیەکی یاساییە و دەبێت کاری لەسەر بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە: مەسروور بارزانی لەبارەی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆککۆماری عێراق گوتی، هێشتا زووە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەین. هاوکات لەبارەی بەربژێرانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش وتی، جارێ هیچ کاندیدێک دیاری نەکراوە تاوەکو پاڵپشتیی بکەین، هەر کات کاندیدەکان دیاری کران، ئەو کاتە بڕیاری خۆمان دەدەین".

هەواڵی پەیوەندیدار