سامان شاڵی بۆ KDP: ئەم یاسایە نەبووایە کورد نزیکەی ٩٠ کورسی دەھێنا

ھەولێر-KDP.info- کەسایەتیەکی دیاری سیاسی کوردستان دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان لەم ھەڵبژاردنە سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد و خەڵک لە ڕێگەی دەنگدانهوه وەڵامی خزمەتەکانی پارتیان دایەوە، بۆیە گەر ئەم یاسایەی ھەڵبژاردن نەبووایە کورد ئەمجارە نزیکەی ٩٠ کورسی دەھێنا.
دکتۆر سامان شاڵی، کەسایەتی دیاری سیاسی کوردستان، پهیوهست به یاسای هەڵبژاردن كه وادهبینرێ یاسایەكی زاڵمانەیە و لە بەرژەوەندیی چەندین لایەنی سیاسی و پێكهاتەیەك داڕێژراوە، تایبهت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، "غەدرێکی گەورە لە کورد کرا ههر بۆیە پێویستە ھەموو حیزبەکان بەوردی پێداچوونەوە بهو یاسایی ههڵبژاردندا بکەن، چونكه ئەو یاسایەی ھەیە ناعەدالەتی زۆری تێدایە و ئەمجارە کورد ڕێگە بەو یاسایە نەدات و جارێکی دیکە بکرێتەوە یەک بازنە وەکو چۆن کاتی خۆی کورد ٧٥ کورسی ھەبوو ئێستا گەر یەک بازنە بووایە نزیکەی ٩٠ کورسی دەھێنا جگە لە کۆتاکان، بۆیە پێویستە ئەمجارە بەجدی کاری لەسەر بکەن و ڕێگە نەدەن ھەڵبژاردن فرە بازنەیی بێت و ئهو غهدره بهردهوامی ههبێت.
دکتۆر سامان شاڵی گوتیشی، "ئەوەی دڵخۆشکەرە کورد بەھێزەوە دەچێتە بەغدا و ھیوادارین ھەمووان بەپێی دەستوور کار بۆ مافی خەڵکی کوردستان بکەن و پێکەوە کار بکەن و یەکگرتووبن، بۆ ئەوەی بتوانن داکۆکی لە مافی کورد بکەن بەپێی دەستوور.
شاڵی دەشڵێت، "پارتی دیموکراتی کوردستان توانیویەتی زیاتر لەیەک ملیۆن دەنگ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەدەستبێنێت ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كه لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خزمەتگوزاری زۆری پێشکەشی خەڵک کردووە، به دڵنیاییهوه ئەوەش ڕەنگدانەوەی لە ھەڵبژاردن ھەبوو و متمانەی لەنێوان خەڵک و لایەنەکان گەڕاندەوە و پارتی یەکەمی سەر ئاستی عێراق بوو، ئەوەش جێگەی دڵخۆشی و بەھێزبوونی کوردە، بۆیە ھیوادارم لە عێراق ھەمووان یەک دەنگ بن.
دكتۆر سامان شاڵی ئەوەش ناشارێتەوە، لە دیموکراسیەت خەڵک ئازادە دەنگ بەکێ دەدات، بەڵام خەڵک ھۆشیارە و دەزانێت کێ خزمەتی دەکات و دەنگی پێدەدات، بۆیە پێویستە لەداھاتوو ھەوڵی زیاتر بدرێت بۆ ئەوەی پارتی دەنگی زیاتر بەدەست بێنن، پێویستیشە دوای ھەڵبژاردن ھەوڵبدرێت یەکگرتووی لەناوخۆ و عێراقیش دروست بێت.
بڵند ئیبراھیم




