سەرۆکی سەندیکای پارێزەران بۆ KDP: سیستمی سانتلیگۆ پێچ و پەنای زۆرە و ناعادیلانەیە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان رایدەگەیەنێت، یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ستەمی گەورەی تێدایە و پێویستە چیتر کورد ئەمە قبووڵ نەکات، چونکە ژمارەیەک کورسی بۆ کورد دیاری کراون و ناتوانێت لەوە زیاتر بەدەست بێنێت، بۆیە پێویستە لە فرەبازنەییەوە بکرێتەوە یەک بازنە، بۆ ئەوەی ھەر لایەنێک بەپێی دەنگی خۆی کورسی بەدەست بێنێت نەک بۆی دیاری بکرێت.
بەختیار حەیدەر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەو یاسایەی ھەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق ھەیە، بە جۆرێک ھەڵبژاردن ئەنجام دەدات ھەر پارێزگایەک بازنەیەکە و کورسییەکان دیاری دەکات، کە تەنیا لەو پارێزگایە دەتوانێ دەنگ و کورسی بێنێت، لە ھەرێمی کوردستانیش چوار پارێزگا ھەیە و تەنیا دەتوانێ لێرە دەنگ بێنێت و سنوور دیاری کراوە، لە کاتێکدا ئەوان لە پارێزگاکانی خۆیان کورسییان زیاترە و لایەنەکانی عێراق دەتوانن کورسیی زیاتر بەدەست بهێنن ئەویش بەپێی رێژەی بەشداریکردن، بۆیە ئەمە جیاوازیی زۆرە و پارتی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی ھێناوە و تەنیا دەتوانێ ئەو کورسیانەی بۆی دیاری کراوە بەدەست بهێنێت و ناتوانێ زیاتر بێنێت، بۆیە فرەبازنەیی زیانی زۆر لە کورد دەدات و لە قازانجی ھەندێک لایەنی عێراقە و ناعەدالەتی و نادیموکراسییە و خەڵکێک بەدەنگێکی زۆر دەچێتە پەرلەمانی عێراق و ھەشە بە دەنگی کەم، ئەوە ناکرێت قبوڵ بکرێت، بۆیە وەکو سەرۆک بارزانی باسی کرد، پێویستە لە ھەموو عێراق یەک بازنە ھەبێت و بتوانی لە ھەموو عێراق دەنگ بەدەست بهێنیت، بۆیە ئەوکاتە پارتی دەتوانێ لە عێراق زۆرترین کورسی بەدەست بێنێت و وەکو ئێستا نابێت کورسی بۆ دیاری بکرێت و نەتوانێت لەوە زیاتر بەدەست بێنێت.
ناوبراو زیاتر ڕوونی کردەوە، سیستمی سانتلیگۆ پێچ و پەنای زۆرە و ناعادیلانەیە و لەگەڵ کۆمەڵگهی ئێمە و عێراقیش ناگونجێت، بۆیە پێویستە سانتلیگۆ و بابەتی فرەبازنەیی دەستکاری بکرێت و لە ھەموو عێراق یەک بازنە ھەبێت و نابێت چیتر ئەمە قبوڵ بکرێت و پێویستە یاساکە ھەموار بکرێتەوە یاخود یاسایەکی تازە ھەبێت لەگەڵ دۆخی ئێستا بگونجێت و بە فیعلی دەنگی خۆت دیار بێت و کورسی بەپێی دەنگی خۆت بێنی، چونکە ئەوکات کاریگەری زۆری دەبێت و ئەگەر بەوشێوەیە نەبێت ئێستا پارتی بەو دەنگەی ھێناویەتی نزیکەی ٥٠ کورسی بەدەست دەھێنا، بەڵام یاساکە رێگرە لەوەی کورسی زیاتر بێنێت و پێویستە کورد ئەمجارە لە بەغدا کاری سەرەکییان ھەمواری یاساکە یاخود دانانی یاسایەکی تازە بێت.
بڵند ئیبراھیم




