شاخەوان عەبدوڵڵا: هەر دەنگێک لە کەرکووک بە ئەندازەی شەڕی داعش کاریگەریی هەیە

کەرکووک-KDP.info- شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "کەرکووکییەکان ئەمڕۆ لە ڕۆژێکی ئێجگار گرنگدان و ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کردووە بۆ ئەوەی دەنگ بە حزب و کاندیدانی خۆیان بدەن. پێشتریش باسمان کردووە و ئێستاش دووبارەی دەکەینەوە کە بۆ کەرکووکییەکان زۆر گرنگە بەشداری بکەن، چونکە کەرکووک جیاوازە لە شارەکانی دیکە و کێبڕکێکە تیایدا تا ئاستێک نەتەوەییە. کورد دەبێت پارێزگاری لە مافەکانی خۆی بکات."
"لێرەوە پەیامم بۆ کەرکووکییەکان ئەوەیە کە سەرەڕای ئاستەنگ و دووریی ڕێگا، بگەڕێنەوە شارەکەیان بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دەنگی کورد بکەن، چونکە بۆ ئێمە گرنگە کورد هاوسەنگی لەم شارەدا بپارێزێت. هەرکەسێک لێرە دەنگ دەدات، وەک ئەوەیە لە شەڕی داعشدا لەم شارە شەڕی کردبێت، دەنگەکەی بە هەمان ئەندازە کاریگەریی هەیە. هیوادارم کوردەکان ئەمڕۆ کۆمەڵێک نوێنەری باش بۆ خۆیان هەڵبژێرن تا لە پەرلەمانی عێراق بەرگرییان لێبکەن."
"سەرۆک بارزانی چەندین جار باسی کردووە کە بەم یاسایە جارێکی دیکە بەشداریی هەڵبژاردن ناکەینەوە. بۆیە ئێستا هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کە لە پەرلەمانی عێراق یاساکە بگۆڕین. ساڵانێکە هەوڵدەدەین ببێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن، چونکە یاسای ئێستا وایکردووە کە لە هەندێک شار ژمارەی دەنگی کورد کەم بێتەوە. زۆر گرنگە گۆڕانکاری لە یاساکەدا بکرێت، چونکە ئەو کاتە ئاست و ڕێژەی ڕاستەقینەی کورد لە پەرلەمانی عێراقدا دەردەکەوێت. لەو باوەڕەدام ئەگەر ببێتە یەک بازنە، کورد ١٠٠ نوێنەری لە پەرلەماندا دەبێت."




