پشتیوان سادق: ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە

ھەولێر-KDP.info- پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای ھەولێر ڕایگەیاند، داوا لە خەڵکی خۆشەویستی هەولێر، بە هەموو شارۆچکە و گوند و ناوچەکانییەوە دەکەم، بەشداریی دەنگدان بکەن.
پشتیوان سادق، پاش ئەوەی لە بنکەیەکی دەنگدانی هەولێر دەنگی دا، رایگەیاند ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە و زۆر گرنگە هاووڵاتییان بەشداری بکەن و دەنگ بەو لایەنە بدەن کە خزمەتیان دەکات و پاریزگاریی لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات.
پشتیوان سادق لە درێژەی قسەکاندا گوتی: ئێمە پێمانخۆشە کورد بە یەکڕیزی و یەکدەنگی بەرگریی لە دەستوور و فیدراڵی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
پشتیوان سادق، گوتیشی: تا کۆتایی پرۆسەی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی دەنگەکان، نەخشەی سیاسیی عێراق ڕوون نابێت. بەڵام پاشان نەخشەکە ئاشکرا دەبێت و ئێمە ئەو کاتە لەگەڵ ئەوانەی بڕوایان بە فیدراڵی و دەستوور و دیموکراسی هەیە، هاوکاریی دەکەین بۆ ئەوەی حکوومەتێکی خزمەتگوزار و دیموکرات دابمەزرێنین. حکوومەتێک، بڕوای بە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان هەبێت و چیتر مافەکانمان پێشێل نەکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بەشداریی دانیشتووانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەم هەڵبژاردنەدا زۆر گرنگە. ئێمە پلانی گەورە و باشمان بۆ خزمەتکردنی ئەو ناوچانە دارشتووە و هیوادارین بتوانین لە ڕێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە ئەو ناوچانە بگەڕێنینەوە سەر هەرێم.




